عێراق بەپارەی ئەمه‌ریكا ناوچەی سەوز دەپارێزێت

عێراق بەپارەی ئەمه‌ریكا ناوچەی سەوز دەپارێزێت
ئەمه‌ریكا بۆ پاراستنی دۆخی ئەمنی ناوچەی سەوزی شاری به‌غدا، بە بڕی (20) ملیۆن دۆلار، ھاوكاری دارایی حكومەتی عێراق دەكات، ئەمەش دوای ئەوە هات، كە باڵیۆزخانەی ئەمه‌ریكا لەو ناوچەیە بەردەوام لەژێر مەترسی ھێرشی گرووپە چەكدارەكانی عێراق دایە، شارەزایانی سەربازیش پێیانوایه‌، كێشەی ئەمنی ناوچەی سەوز بەپارە چارەسەر نابێت.

ئەمه‌ریكا بەدوای پاراستنی ئەمنی ناوچەی سەوزەوەیە، بۆ ئەو مەبەستە بڕیاریداوە، بە بڕی (20) ملیۆن دۆلار، ھاوكاری حكومەتی عێراق بكات، تا ئارامی لەو ناوچه‌یه‌ بەرقەرار بكات، بەڵام شارەزایانی سەربازی لەو بڕوایەدان، ھۆكاری كێشەی ئەمنی ناوچەی سەوز، پارە نییە، تا بە پارە چارەسەر بكرێت.

مەحەمەد شوان، شارەزای سەربازی گوتی: "هاوكاریكردنی ئه‌مه‌ریكا بۆ پارێزگاریكردن له‌ ناوچه‌ی سه‌وز بۆ پاراستنی چه‌ند شوێنێكه‌، كه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ره‌، هه‌رچه‌ند هێزێكی زۆر له‌وێ كۆبوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا بێ مه‌ترسی نییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ندین جار هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌ و میلیشیاكان ناوچه‌كه‌یان كۆنترۆڵ كردووه‌".

ساڵانە لە عێراق بڕیكی زۆر له‌ بودجە بۆ پرسی ئەمنی تەرخان دەكرێت، بەڵام بەپێچەوانەوە، نەتوانراوە ناوچەی سەوز، بەتایبەت باڵیۆزخانەی ئەمه‌ریكا بپارێزرێت. ئەمەش پەیوەندی بەو گرووپە چەكدارانەوە ھەیە، كە رۆژ لەدوای رۆژ بەھێزتر دەبن.

رێبین سەلام، چاودێری سیاسی گوتی: "بابه‌ته‌كه‌ به‌و (20) ملیۆن دۆلاره‌ چاره‌سه‌ر نابێت، چونكه‌ بابه‌تێكی رووكه‌شه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (15) ساڵی خه‌ڵكی چه‌كدار كراون و بوونه‌ته‌ ئه‌ڵقه‌ له‌گوێ ئێران، بۆیه‌ (15) ساڵی دیكه‌ی ده‌وێت تا چارسه‌ر ببێت".

ئێستا گرووپە چەكدارەكانی عێراق، بۆ ھێزەكانی ھاوپەیمانان، بەتایبەت ئەمه‌ریكا بوونەتە گەورەترین مەترسی، چەند جارێك بە مووشەك ھێرش كراوەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمه‌ریكا، تەنانەت لایەنگرانی ئه‌و گرووپانه‌ پەلاماری بارەگاكەیان داوە، ئەمەش وای لە ئەمه‌ریكا كرد، لە رێی ھاوكاری داراییەوە بۆ حكومەتی عێراق، ھەوڵی راگرتنی ئەو ھەڕەشانە بدات.
k24 -
Top