چوار حاڵەتی خۆکوشتن لە یەک رۆژدا لە بەغدا

چوار حاڵەتی خۆکوشتن لە یەک رۆژدا لە بەغدا
ئەمڕۆ دووشەممە 25ی1ی2021، لە بەغدای پایتەختی عێراق، چوار حاڵەتی خۆکوشتن هەبووە و دووانیان مردوون.

سەرچاوەیەک لە پۆلیس بۆ دەزگاکانی راگەیاندن ئاشکرای کردووە، لە 24 کاتژمێری رابردوودا، هەواڵی چەند حاڵەتێکی خۆکوشتنیان پێ گەیشتووە و دەڵێ: ”هێزەکانی پۆلیس هەواڵی هەوڵێکی خۆکوشتنیان لە ماڵێک لە ناوچەی ئەبو دەشیر لە باشووری پایتەخت پێ گەیشتووە و راستەوخۆ هێزەکان خۆیان گەیاندووەتە ناوچەکە“.

گوتیشی: ”بەگوێرەی زانیارییەکان، کچە قوتابییەکی لەدایکبووی 2004 نەوتی بەخۆی داکردووە و ئاگری لە خۆی بەرداوە، دوای ئەوەی گەیاندراوەتە نەخۆشخانەی یەرمووک، بەهۆی زۆریی رێژەی سووتانەکەی، گیانی سپارد“. جەختیشی کردەوە: ”تا ئێستا هۆکاری خۆسووتانەکەی دیار نییە“.

هەر ئەمڕۆ لە ناوچەی (حوسێنییە)ی گەڕەکی زراعی، کرێکارێک لەناو ماڵەکەی، ئاگری بەرداوەتە خۆی و سووتاوە، دواتر تەرمەکەیان گواستووەتەوە پزیشکی دادی. ئەمە لەکاتێکدا، کە ئەمڕۆ هەوڵێکی دیکەی خۆکوشتن لەنزیک شاری کازمییە لە بەغدا تۆمار کراوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنیش بە ماڵپەڕی (ناس)ی راگەیاندووە: ”مەلەوانەکانی فریاگوزاری توانیویانە پیاوێک لە خنکان رزگار بکەن، دوای ئەوەی ئەمڕۆ دووشەمە لەسەر پردی (ئەئمە) خۆی فڕێداوەتە ناو رووبار“. روونیشی کردووەتەوە: ”ئەو پیاوە گوتوویەتی کە کێشە و گرفتی خێزانیی هەیە“.












باسنيوز


Top