پێنج تەرمی رووداوی نوقمبوونی بەلەمەکەی موسڵ دۆزرانەوە

پێنج تەرمی رووداوی نوقمبوونی بەلەمەکەی موسڵ دۆزرانەوە
دوای نزیکەی دوو ساڵ لە نوقمبوونی، ئەمڕۆ یەکشەممە پێنج تەرمی رووداوی نوقومبوونی بەلەمەکەی موسڵ دۆزرانەوە.

رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگای نەینەوا بۆ کاروباری کارگێڕی راگەیاند، ئەمڕۆ هێزەکانی پۆلیسی نەینەوا پێنج تەرمیان دۆزینەوە، کە هی رووداوی نوقمبوونی بەلەمەکەی موسڵ بوون.

یاریدەدەری پارێزگای نەینەوا بۆ کاروباری کارگێڕی ئەوەی خستەڕوو، تەرمەکان لەژێر پردی پێنج، چوار، سێ و یەکی موسڵ دۆزراونەتەوە، ئەوەش دوای دابەزینی ئاستی ئاوی رووباری دیجلە.

رەفعەت سمۆ ئاماژەی بەوەش کرد، تەرمەکان دەریدەخەن تەواوی قوربانییەکان پیاو بوون، بەڵام تەرمەکانیان تێکچوون، چواریان ناسراونەتەوە و ناسنامەی باری شارستانییان لە گیرفان بووە، بەڵام پێنجەمیان تەنیا مۆبایلێکی لە گیرفاندا بووە و هێشتا نەناسراوەتەوە.

ئەو کەسانە بڕە پارەیەکیشیان لە گیرفاندا بووە، کە 25 هەزار دیناری، 5 هەزاری و هەزار دیناری بووە.

ناوی ئەو چوار کەسەی ناسراونەتەوە بریتین لە:
عەلی فارس محەممەد، لەدایکبووی 20/3/1993.
ئەرکان محەممەد فازڵ، کارمەندی پۆلیس، لەدایکبووی 11/11/1989.
مەسعود هانی غانم، لەدایکبووی 15/3/1972.
نوعمان حەسەن حمو ئالوەهب، لەدایکبووی 1/7/1959.

رۆژی 21ی ئازاری 2019 و لە یەکەم رۆژی بەهاردا، لە موسڵ بەلەمێک لە دوورگەی ئوم رەبیعەی ناوەڕاستی شارەکە لە ناوچەی غاباتی موسڵ ژێرئاوکەوت، بەهۆیەوە نزیکەی 200 کەس گیانیان لەدەستدا و بێسەروشوێن بوون.
rudaw -
Top