عێراق بە هێڵی ئاسنین زاخۆ و فاو بەیەکەوە دەبەستێتەوە

عێراق بە هێڵی ئاسنین زاخۆ و فاو بەیەکەوە دەبەستێتەوە
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەیەوێت لەڕێگەی پرۆژەی راکێشانی هێڵی ئاسنینەوە [هێڵی شەمەندەفەر] زاخۆ و فاو بەیەکەوە ببەستێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی کانوونی دووەمی 2021، حوسێن خەفاجی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتی گواستنەوە پرۆژەیەکی وەبەرهێنانی هەیە بە مەبەستی بەستنەوەی هێڵی ئاسنی فاو بە زاخۆوە.

بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، پرۆژەکە کاری لەسەر کراوە و بەمنزیکانەش دەخرێتەڕوو، جێگەی بایەخ و گرنگیی وەزیر و وەزارەتەکەیانە و ئامانجیشیانە کۆمپانیایەکی گونجاو بەپێی مەرج و پێوەرەکان بتوانێت جێبەجێی بکات.

حوسێن خەفاجی راشیگەیاند، هێڵە ئاسنینەکە بەشێوەیەکی پێشکەوتوو دروستدەکرێت، هەموو پارێزگاکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، هاتن و چوون دەبێت، پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکیش بەو هێڵە ئاسنینە دەبەسترێنەوە.
rudaw -
Top