شاری گەشتیاریی حەبانیە داعش وێرانی کردووە و، نۆژەن دەکرێتەوە

شاری گەشتیاریی حەبانیە داعش وێرانی کردووە و، نۆژەن دەکرێتەوە
شاری گەشیاریی حەبانیە لە پارێزگای ئەنبار ساڵی 1975 دروست کراوە و دوای 20 ساڵ لە فەرامۆشکردنی و کەوتەنە دەستی داعش بۆ دوو ساڵ، ئێستا نۆژەن دەکرێتەوە و ئامادەکاری دەکرێت کە بە رووی گەشتیاراندا بکرێتەوە.

لەسەر دەریاچە حەبانیە لە رۆژئاوای شاری روومادی 500 یەکەی نیشتەجێبوون و دەیان کۆشکی گەشتیاری دروست کراون. ئەو ناوچەیە کە دووساڵ لە دەستی داعشدا، بووە وێران کراوە.

مەنسور کازم دانیشتووی پارێزگای بەغدایە و دەڵێت: "پێشنیازم ئەوەیە بایەخ بە گەشتوگوزار بدرێت، چونکە عێراقییەکان خەریکە دەخنێکن و ئەمە سەرچاوەی هەناسەدانە. من لە بەغداوە هاتووم و دەبینم حەبانیە بووەتە چۆڵەوانی. ئەمە گوناحە."

دیمەن و جوانیی ئەو ناوچە گەشتیارییە ساڵانە زیاتر لە 100 ھەزار گەشتیاری ناوچەکە بۆ خۆی رادەکێشێت.

ئەمین سابیر خەڵکی بەغدایە و دەڵێت: "من لە سەرەتای هەشتاکاندا هاتوومەتە ئێرە، ئەو کات کۆمپانیاکانی پاککردنەوە هیندی بوون، پێش ئەوەی مسرییەکان بێن. ئەو کات شوێنێکی خۆش و شایستە بە خێزانی عێراقی بوو. داوا دەکەم نۆژەن بکرێتەوە لەبەر ئەوەی ژێرخانەکەی ماوە، هوتێلەکە ماوە، ئاو و یەکەکانی نیشتەجێبوون ماون."

بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ لە رێگەی کەرتی تایبەتەوە ناوچەی گەشتیاریی حەبانیە و حەدیسە لەسەر ئاستی عێراق بکرێنە گەورەترین ناوچەی گەشتیاری و ھەنگاوەکانی نۆژەنکردنەوەیان دەستی پێکردووە.

عەدنان عەبدوڵڵا، یاریدەدەری پارێزگاری ئەنبار راگەیاند: "ئێمە ئێستا بۆ دروستکردنی شاری حەبانیەی نوێ پلانمان هەیە کە شارێکی گەشتیاریی وەبەرهێنانی گەورەیە. ئەگەر ئەم شارە دروست بکرێت، دەبێتە شوێنێکی گەشتیاری و وەبەرهێنانی گەورە لە پارێزگای ئەنبار. کۆرنیشی حەدیسەمان نۆژەن کردەوە و بۆ بەنداوی حەدیسەش بیرۆکەیەکی وەبەرهێنان هەیە تا بتوانرێت لە پارێزگای ئەنبار ببێتە ناوچەیەکی گەشتیاری."

رووبەری ناوچەی گەشتیاریی حەبانیە 250 دۆنمە و رووبەری شاری ناوجەی گەشتیاریی حەدیسەش 180 دۆنمە. ھەردوو ناوچە گەشتیارییەکە لەدوای دەرهێنانیان لە دەستی داعش، کرابوونە کەمپ بۆ نیشتەجێبوونی ئاوارەکان.
rudaw -
Top