لە بەغدا بەهۆی ناکۆکیی مەزهەبییەوە 45 مزگەوتی سوننەکان داخراون

لە بەغدا بەهۆی ناکۆکیی مەزهەبییەوە 45 مزگەوتی سوننەکان داخراون
شەرو توندویژییەکانی سوننە و شیعە داخستنی دەیان مزگەوتی بەدوای خۆیدا ھێنا کە ھێشتا ژمارەیەکی زۆریان ھەر بەداخراوی ماونەتەوە. تەنیا لە بەغدا 60 مزگەوت لەژێر کۆنترۆڵی وەقفی سوننە دەرهێنراون و 45 مزگەوتیش داخراون.

ئەگەر شەقامی نەھر بە نموونە بهێنینەوە، لە کۆی پێنج مزگەوتی، تەنیا مزگەوتێکی کراوەیە.

رێگرییەکان لە دابینکردنی بودجە، دۆخی ئەمنی و فراوانبوونی دەسەڵات و ھەژموونی شیعە ھۆکاری داخستنی دەرگای مزگەوتەکانن.

ھەیسەم ئەحمەد، دووکاندارە و دەڵێت: "زۆربەی مزگەوتەکان داخراون. بەشێکیان لەژێر نۆژەنکردنەوەدان، بەڵام لێرە تەنیا مزگەوتی تەکییەی خالیدیە کراوەتەوە. شەقامی نەھر پێنج مزگەوتی لێیە ھەموویان داخراون جگە لەمە نەبێت. لە چاوەروانیداین، پشتیوان بە خوا بەم نزیکانە دەکرێنەوە. ئیشەڵڵا بەرەبەرە دەکرێنەوە."

عەلی سەلیم، دووکاندارە و دەڵێت: "نۆژەنکردنەوە نییە، تۆ ئەم مزگەوتی عادیلییەت بینی تەواو وێران بووە. یەکێکی دیکە لە پێشتەوە ھەیە، چەندین جار رووخێنراوە. پشتیوان بە خوا دووبارە دەکرێنەوە و دەست بە بونیاتنانەوەیان دەکرێت کە دواجار سوودی بۆ ھەمووان ھەیە، پاشان ئەمانە گەنجینەن."

لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، بەهۆی شەڕی مەزھەبییەوە 136 مزگەوت داخراون، وەقفی سوننی و کۆمەڵەی فیقھیی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی باڵا و وەقفی شیعە لە ھەوڵدان بۆ کردنەوەیان، بەڵام وەڵامی یەکلاکەرەوەیان دەست نەکەوتووە.

دکتۆر حسێن غازی سامەڕڕائی، ئەندامی دەستەی باڵا لە کۆمەڵەی فیقھیی عێراق دەڵێت: "چاومان بە سەرۆکوەزیران کەوت ، بەڵێنی پێداین، بەڵام تا ئێستا ئەو بابەتە یەکلا نەکراوەتەوە. چاومان بە سەرۆکی پەرلەمان محەممەد حەلبووسی کەوت، جووڵەیەک لەسەر ئەو بابەتە ھەبوو، بەڵام ھەر بێسوود بوو. نەبوونی جیددییەت لەلایەن حکومەتەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و یەکلاکردنەوەی نیشانەی گەورەی پرسیار دادەنێت. ئەگەر مزگەوتەکان بەم شێوەیە و بە داخراوی مانەوە، ئەمە مانای زیادبوونی تائیفییەتە، زیادبوونی نەبوونی پێکەو ژیانی ئاشتییانەیە، بەڵام چارەسەرکردنی ئەو مەلەفە مانای کەمکردنەوەی تائیفییەتە."

ناکۆکیی شیعە و سوننەکان دوای ساڵی 2003 ئیدی پێی نایە قۆناخی کوشتن و بڕین و تۆڵەکردنەوە، بە جۆرێک لە ساڵانی 2006 تا2008ـدا سەتان کەس تەنیا لەسەر ناوی عەلی و عومەر کوژران و بێسەروشوێن کراون.
rudaw -
Top