کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ: تەقینەوەکانی بەغدا نیشانەی گەڕانەوەی تیرۆرن
عەلی ئەلبەیاتی، ئەندامی کۆمسیۆنەکە لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، ئەمنییەتی ئەو ناوچەیەی تەقینەوەکانی تێدا روو دا، بێهێز بووە و تەقینەوەکانیش نیشانەی بێهێزیی هێزە ئەمنییەکانە.
عەلی ئەلبەیاتی هەروەها رایگەیاندووە، لایەنە فەرمییەکان باس لەوەدەکەن،کە دوو خۆکوژەکە لەکاتی راودوونانیان خۆیان تەقاندووەتەوە، ”بۆیە دەپرسم، ئەوە چ زانیارییەکی هەواڵگرییە رێگا لە گەیشتنتی خۆکوژ بۆ ناوچەیەکی میللیی دەگرێت؟“.
ئەو ئەندامەی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ پێیوایە تەقینەوەکان نیشانەن بۆ گەڕانەوەی تیرۆر بۆ بەغدا و عێراق بە گشتی.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 21-1-2021 دوو تەقینەوەی یەک لە دوای یەک لە گۆڕەپانی تەیەڕان لە ناوچەی بابولشەرقی لە بەغدا، روویان دا.
لیوا یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژ بەناوی مستەفا کازمیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاندووە، دوو دوو خۆکوژ لە کاتی راوەدوونانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، لە ناوچەی بابولشەرقی خۆیان تەقاندووەتەوە.
بەپێی دوایین ئامار، بەهۆی تەقینەوەکانەوە 28 هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە و 73ـی دیکەش بریندار بوون.
باسنيوز