هەزار و 909 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە عێراق و هەرێمی کوردستان چاکبوونەوە
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی کانوونی دووەمی 2021 بڵاویکردووەتەوە، هەزار و 909 تووشبووی پێشووی ڤایرۆسەکەش چاکبوونەتەوە.
سەبارەت بە تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە "ئەمڕۆ 68 کەسی دیکە لە هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، 995 تووشبووی پێشووی ڤایرۆسەکەش چاکبوونەوە، سێ تووشبووش گیانیان لەدەستداوە".
د. سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق راگەیاند "بڕیارە مانگی داهاتوو یەکەم کاروانی پێکوتەی دژە کۆرۆنای بەرهەمی کۆمپانیای فایزەر بگاتە عێراق، کە یەک ملیۆن و 500 هەزار ژەمە پێکوتەیە، دوای گەیشتنیشی بەپێی رێژەی دانیشتووان دابەشدەکرێت بەسەر بەغدا و هەموو پارێزگاکان، لەگەڵ هەرێمی کوردستان".
تاوەکو ئێستا 610 هەزار و 598 تووشبووی کۆرۆنا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستنیشانکراون، 574 هەزار و 920 لەو تووشبووانە چاکبوونەتەوە، کە دەکاتە 94.2%ی تێکڕای تووشبووان، 22 هەزار و 710 تووشبووش هێشتا چارەسەر وەردەگرن، 140 لەو تووشبووانە لەژێر چاودێریی چڕدان، 12 هەزار و 968 تووشبووی دیکەش گیانیان لەدەستداوە.
rudaw -