مالیكی بەنیازی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانە

مالیكی بەنیازی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانە
ماوەیەكە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ باسی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران دەكات، ئەمڕۆش سەركردەیەكی هاوپەیمانییەكەی دووپاتی كردەوە گەڕانەوەی مالیكی لەئارادایە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ئەبو ئەحمەد بەسڕی سەركردە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و كەسایەتیی نزیك لە مالیكی رایگەیاند گەڕانەوەی مالیكی بۆ حكوومەت و وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ سێیەم جار لەئارادایە.

بەسڕی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئەوەشی گوت كە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ جەماوەری مالیكی لە زیادبووندایە و توێژگەلی زۆری كۆمەڵگەی عێراقیش پێیانوایە مالیكی گونجاوترین كەسە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران لە حكوومەتی داهاتوودا.

سەركردەكەی دەوڵەتی یاسا دوو هۆكاری خستووەتەڕوو لەبارەی پێویستیی عێراق بۆ گەڕانەوەی مالیكی بۆ سەرۆكایەتیكردنی حكوومەت، كە بە قسەی ئەو یەكێكیان دەستپاكییەكەی و دووەمیش شارەزاییەكەیەتی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، ئەمەش لە كاتێكدایە كە گەندەڵیە گەورەكانی دوای قۆناغی 2003ی عێراق لە سەردەمی حوكمرانیی مالیكیدا كراون، سەرباری دۆڕاندنی بەشێكی گەورەی خاكی عێراق لە شەڕێكی نابەرابەردا لەگەڵ ژمارەیەكی كەم لە چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی 2014.













باسنيوز

Top