سەدان ساختەکاری له پارێزگای نه‌ینه‌وا ئاشکرا ده‌كرێن

سەدان ساختەکاری له پارێزگای نه‌ینه‌وا ئاشکرا ده‌كرێن
لە پارێزگای نه‌ینه‌وا، به‌ نووسراوی ساختە و بەرتیلوه‌رگرتن، سەدان پارچە زەوی دابەش دەکرێن و به‌ نرخی كه‌متر له‌ خۆیان تاپۆ كراون.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 20/1/2021، دەستەی ده‌ستپاكیی عێراقی لە ڕاگەیاندراوێکدا ، ئەوەی ئاشکرا کردووە، لە پارێزگای نەینەوا 657 مامەڵەی ساختەی تاپۆکردنی زەوی کراون.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو پارچە زەوییانە بە فەرمانێکی ئەنجوومەنی وەزیران دابەش کراون، بەڵام سەرپێچی و ساختەکاری زۆری تێدا کراوە.

ئه‌وه‌ش ئاشكرا كراوه‌، كه‌ زەوییەکان بە بڕە پارەیەکی زور کەم و بە بەرتیل تاپۆکراون، کە لەگەڵ بەهای ڕاستەقینەی نرخەکاندا ناگونجێ، ئەو توێژانەی زەوییەکانیشیان پێدراوە، مەرج و ڕێوێنییەکانیان تێدا نییە.

دەستەی ده‌ستپاكی، ئەوەشی ڕاگەیاندووە، لە نێو مامەڵەکاندا نووسراوی ساختە هەبووە و بەشێک لەو کەسانەی زەوییەکانیان پێ دراوە، پێشتریش لە حکوومەت سوودمەند بوونە.

تیمەکانی دەستەکە 6 کەسیان دەستگیر کردووە، لە نێویاندا سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی وردبینیی مامەڵەکان، لە هۆبەی تاپۆی سەرۆکایەتیی شارەوانیی موسڵ، ئەو کەسانە بە پێی یاسای سزاکانی عێراق لە لایەن دادوەر بڕیاری گرتنیان بۆ دەرچووە.












باسنیوز

Top