شەش ساڵ زیندانی بۆ بەڕێوەبەری پێشووی دەستەی خانەنشینیی دەرچوو
بەپێی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، رۆژی سێشەممە 2021/01/19 دادگای ناوەندیی نەهێشتنی گەندەڵی، بەهۆی وەرگرتنی بەرتیل تایبەت بە گرێبەستی دڵنیایی تەندروستیی خانەنشینانەوە ئەحمەد عەبد جەلیل ساعدی، سەرۆکی پێشووی دەستەی خانەنشینیی بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزا داوە.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دادگاکە بڕیاری داوە رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی سندووقی خانەنشینیی فەرمانبەرانی دەوڵەتدا بگیرێتە بەر، ئەوەش پاڵپشت بە بڕیاری ژمارە 160ی ساڵی 1983.
هاوکات بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق بڕیار دراوە دەست بەسەر موڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوەی هەریەک لە "ئەحمەد عەبد جەلیل حوسێن عەلوان ساعدی" و "سەباح عەبد جەلیل حوسێن عەلوان ساعدی" و ژن و منداڵەکانیاندا بگیردرێت.
rudaw -