قهرزهكانی عێراق زیاتر كهڵهكه دهبن
قۆناغەکانی خۆبەڕێوبردنی دارایی لە عێراق، بێ قەرزکردن کۆتایی نایهت، لە پڕۆژەی بودجەی ساڵی (2021)ی عێراق، حکومەت بە نیازە قەرز لە بانکی مەرکەزی و (25) بانکی دیكهی دەرەکی و ناوخۆیی بکات، کە کۆی گشتی ئەو قەرزەی دەیەوێت بیکات، بۆ یەک ساڵ دەگاتە (47) تریلیۆن دینار، ئەمەش بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لە کورتھێنانەکەیەتی کە (71) تریلیۆن دینارە، ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئاماژهی كرد، رێگە بەو قەزرە ترسناکە نادەین و کەمی دەکەینەوە بۆ نزیکەی (20) تریلیۆن دینار، کۆی گشتی ھەموو قەرزەکانی سەر عێراق ئەو کاتە دەبێتە نزیکەی (200) تریلیۆن دینار.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق گوتی: "بۆچوونی فراكسیۆنه سیاسییهكان وایه، بودجه له (120) تا (130) تریلیۆن دینار زیاتر نهبێت، لهو كاتهدا، (30 تا 40) تریلیۆن له كورتهێنان دادهبهزێنرێت، چهند بڕگهیهكمان ههیه زیادی بكهین، داهاتی عێراق (97) تریلیۆن دانراوه، ئهو چاكسازیانهی زیادی دهكهین، (15 تا 20) تریلیۆن دێتهسهر داهاتی عێراق، واتا بههیچ شێوهیهك نابێت كورتهێنان له (15 تا 20) تریلیۆن زیاتر بێت".
ههركاتێك عێراق قەرزی کردبێت، بۆ پرسێکی دیاریکراوی دارایی بووە و پەرلەمان یاسای تایبەتی بۆ دەرکردووە، بەڵام لە نێو پرۆژە بودجەی ساڵی (2021)دا جگە لە دەستنیشانکردنی ئەو بانکانەی، کە دەیەوێت قەرزیان لێبکات، ئەنجومەنی وەزیران مەبەستی قەرزەکەی دیاری نەکردوە، تەنیا ئاماژە بەوە کراوە، کورتھێنانی پێ پڕدەکاتەوە، ئەمەش جێی پرسیاری لیژنەی داراییە و داوای رونکردنەوە لە حکومەت دەکەن.
ھودا سەجاد، پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی نەسڕ گوتی: "ھەموو قەرزێک یاسای خۆی ھەیە، بەڵام لە بودجەی (2021) کۆمەلێک قەرز ئاماژەی پێکراوە، بهبێ ئەوەی ھیچ پێوەرێک بۆ دابەشبکرنی بەشێوەیەکی ھاوسەنگ و دادپەروەرانە بەسەر پارێزگاکاندا ھەبێت، بۆیە دەبێت ئەو قەرزانەی لە پڕۆژە بودجەکەدا ھاتووە، بگەڕێتەوە حکومەت و بە وردی روونیبکەنەوە، کە بۆچی مەبەستێکە و لەکێی قەرز دەکەن".
خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە بودجەی (2021) کراوە و چاوەڕوان دەکرێت، لیژنەی دارایی جارێکی دیكه وردبینی بۆ ھەر (58) ماددەکە بکەن، پاشان بە راپۆرتێک سەرۆکایەتی پەرلەمان لە تەواوی کێشە و ماددە ناڕوونەکانی بودجە ئاگادار دەکەنەوە، بۆ ئەوەی ھەمواری ماددە بە ماددە دەستپێدەکەن و داخوازییە داراییەکانی ھەموو جومگە ئیدارییەکانی تێدا جێگیر بکەن.
k24 -