موقته‌دا سه‌در هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی دواخستنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوه‌خته‌ی راگه‌یاند

موقته‌دا سه‌در هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی دواخستنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوه‌خته‌ی راگه‌یاند
موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در گوتی: ئه‌گه‌ر له‌ ژیان مابم، رێگه‌ ناده‌م جارێكی دیكه‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن دوابخرێت.

ئه‌م گوتانه‌ی سه‌در له‌میانه‌ی تویتێكدا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر هاتوون و نووسیویه‌تی: "ئه‌گه‌ر له‌ ژیان بمێنم.. رێگه‌ ناده‌م جارێكی دیكه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان دوابخرێن".

دووپاتیشیكرده‌وه‌، "له‌و ماوه‌یه‌د‌ا پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك به‌ گیانێكی نیشتمانی و كاركردن هه‌وڵ بۆ سه‌رخستن و ته‌واوكردنی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌ جوانترین شێواز و وه‌ستاندنی به‌ریه‌ككه‌وتنه‌كان و كاری بێمانا بده‌ین".

سه‌در جه‌ختی كرده‌وه‌: "هه‌روه‌ها ده‌بێت زۆر چاوكراوه‌ بین له‌ یاریكردنی گه‌نده‌ڵكاران و پیلانگێڕییه‌كانیان، چ له‌باره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان، یانیش ده‌ستوه‌ردان له‌ كاری كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان، یاخۆد هه‌ر شتێكی دیكه‌ كه‌ زیان به‌ گه‌له‌كه‌ما بگه‌یه‌نێت".

موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌درموقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در


ئه‌م گوتانه‌ی سه‌در له‌كاتێكدان، له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا، كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ڕێوه‌چوو، بڕیاری دواخستنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوه‌خته‌ له‌ 6ی حوزه‌یرانی داهاتوو بۆ 10ی تشرینی یه‌كه‌می داهاتوو په‌سه‌ند كرا.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، كه‌ له‌لایه‌ن نووسینگه‌ی میدیایی مسته‌فا كازمییه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌، ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ خرایه‌ڕوو و به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ مسته‌فا كازمی دووپاتیكرده‌وه‌، "گۆڕینی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانی له‌ عێراق مانای وا نییه‌ كه‌ له‌ بڕیاری ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ لابده‌ین، به‌ڵكو ئه‌مه‌ بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌ و هه‌ر چۆنێك بێت پرۆسه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌درێت".
k24 -
Top