كازمی هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی دواخستنی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ راگه‌یاند

كازمی هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی دواخستنی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ راگه‌یاند
مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق دووپاتیكرده‌وه‌، گۆڕینی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانی له‌ عێراق مانای وا نییه‌ كه‌ له‌ بڕیاری ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ لابده‌ین، به‌ڵكو ئه‌مه‌ بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌ و هه‌ر چۆنێك بێت پرۆسه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌درێت.

ئه‌م گوتانه‌ی كازمی له‌ میانه‌ی دانیشتنی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا هاتوون و گوتی: "رۆژی 6ی حوزه‌یرانی داهاتوومان بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ دیاری كردبوو، ئه‌مه‌ش وه‌ك نیشاندانی پابه‌ندبوونمان به‌و به‌ڵێنانه‌ی له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ له‌ماوه‌ی ساڵێكی به‌رپرسیارێتیماندا دامانبوون".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "به‌درێژایی ماوه‌ی رابردوو و له‌ڕێگه‌ی چه‌ندین مشتومڕه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوی هێزه‌ سیاسییه‌كان و چالاكییه‌ یاساییه‌ میللییه‌كان، جه‌ختمان له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، حكومه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای رێككه‌وتنه‌كان هه‌ڵبژاردن ناكات، به‌ڵكو مه‌رجی ئێمه‌ بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنێكی ئازادانه‌ و پاك و دادپه‌روه‌رانه‌یه‌، له‌و پێناوه‌شدا هه‌موو هه‌وڵێكمان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایش بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن داوه‌‌".

كازمی جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "حكومه‌ت ده‌توانێت ئاسایش بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ 6ی حوزه‌یرانی داهاتوو ده‌سته‌به‌ر بكات، ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی پلانی سه‌ربازی و ئه‌منی، كه‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین و له‌ڕێگه‌ی مه‌شق و راهێنانه‌وه‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ئاماده‌كارییان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ كردووه‌".

هه‌روه‌ها گوتی: "بۆ دابینكردنی بودجه‌ی ته‌واو بۆ كۆمسیۆن، هه‌موو هه‌وڵێكمان بۆ هه‌ڵگرتنی كۆسپه‌كان داوه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌ی رابردوودا ده‌نگدمان به‌ تۆماری بایۆمه‌تری بۆ سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت دا و ئێمه‌ پشتگیری ته‌واوكردنی ئه‌و تۆماره‌ ده‌كه‌ین و باشترین رێگه‌یه‌ بۆ رێگریكردن له‌ ساخته‌كردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان".

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق گوتیشی: "كۆمسیۆن له‌ پێشنیازه‌كه‌یدا بۆ دواخستنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، پرسه‌كه‌ ره‌هه‌ندی ته‌كنیكیی گرنگی هه‌یه‌ و ئه‌و ده‌یه‌وێت پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ پاك و بێگه‌ردی به‌ڕێوه‌بچێت و ده‌رفه‌تی یه‌كسانی بۆ هه‌موو كه‌سێك بۆ به‌شداریكردن له‌ پرۆسه‌كه‌دا بڕه‌خسێنرێت".

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا ده‌نگ به‌ دواخستنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ 10ی تشرینی یه‌كه‌می داهاتوو درا.
k24 -
Top