سیاسەتمەدارێکی عەرەب: هیچ هەفتەیەک نەبووە هەڕەشەی کوشتن لە کازمی نەکرێت
ئەمڕۆ سێشەممە 19ی1ی2021 لەیس شەببەر، ئەکادیمی و سیاسەتمەداری سەربەخۆی عێراقی نووسیویەتی، هیچ هەفتەیەک بەسەر نەچووە کە هەڕەشەی کوشتن لەلایەن بەرپرسانی دەوڵەتی و گرووپ و میلیشیا چەکدارەکان لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق نەکرێت.
شەببەر لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسیویەتی و (دجلە) بەدواداچوونی بۆ کردووە: "ئەمە دەڵێم و زانیارییەکانم تەواو و پشتڕاستکراوەن کە لەوەتەی مستەفا کازمی بووەتە سەرۆکوەزیرانی عێراق تا ئەمڕۆ هیچ هەفتەیەک تێنەپەڕیوە کە لە لایەن میلیشیا چەکدارەکان و بەرپرسانی پشتەوەی دەوڵەتەوە هەڕەشەی کوشتن و تیرۆری لێ نەکرێت و هەموو جارەێکیش هەڕەشەکان جدیی بوون“.
ئەو سیاسەتمەدارە ڕاشی گەیاندووە: "من بەرگری لە کازمی ناکەم، بەڵام ئەو دەوڵەتێکی وەرگرت، کە دامەزراوەکانی دزراو و شێوێندراو بوون، جگە لەوەی پڕ بوون لە خەڵکی دووڕوو و مەراییکار".
هەر لەمبارەوە لەیس شەببەر دەڵێت: "ناحیەی جەرف ئەلسەخەر بەبێ رەزامەندیی حکوومەتەکانی عێراقی، بووە بە کۆمەڵگە و بنکەیەکی ئێرانی، ئەو ناحیەیە وەک خاکی داگیرکراو وایە و لەوێوە چالاکییەکانی سوپای پاسداران و میلیشیاکان دەست پێ دەکەن و گرتووخانەی تێدایە، کە هەزاران کەسی عێراقیی تێدا بەند کراوە". روونیشی دەکاتەوە: "ژمارەی هەرەزۆری ئەو گیراوانە لەناو براون و گۆڕی بەکۆمەڵ و کۆگای هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراوی تێدایە و نهێنیی زۆر گەورەی تێدایە".
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕێکەوتی 2/ 1/ 2021 جەختی کردەوە، هیچ نمایش و هەڕەشەیەک، ئەو لە چاکسازیی دۆخی وڵات پاشگەز ناکەنەوە، ئەگەر نرخەکەی گیانی خۆیشی بێت. ئەمەش وەک ئاماژەیەک بوو بۆ ئەو هەڕەشانەی تیرۆر و کوشتن، کە بەردەوام لەلایەن میلیشیا چەکدارەکانەوە لێی دەکرێن.
باسنيوز