وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان وه‌ڵامی وه‌زیری نه‌وتی عێراقی دایه‌وه‌

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان وه‌ڵامی وه‌زیری نه‌وتی عێراقی دایه‌وه‌
له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ڵامی لێدوانه‌كانی وه‌زیری نه‌وتی عێراق، ئیحسان عه‌بدولجه‌باری دایه‌وه‌.

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌

روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە

وەزیری نەوتی عێراق بەڕێز ئیحسان عەبدولجەبار لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بە چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە نەوتی هەرێمی کوردستان کردبوو ، لێرەدا بە پێویستی دەزانین چەند ڕوونکردنەوە و ڕاستکردنەوەیەک سەبارەت بەو بابەتانە بدەین کە لە چاوپێکەوتنەکەدا باسکراون:

یەکەم: بەڕێز وەزیری نەوتی حکومەتی فیدراڵی ئاماژەی بەوە کردووە کە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستان بەرزە و نەوتی هەرێمی کوردستان بە 10 دۆلار کەمتر لە نرخی نەوتی خاوی عێراق دەفرۆشرێت .

بێگومان ئەمە چەند هۆکارێکی هەیە، لەوانە پێکهاتە و سروشتی ئاڵۆزی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکە کە تێچووی دەرهێنانی زیاتر بێت لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق . سەبارەت بە نرخەکەشی بەداخەوە بە هۆی ئەو کێشە و ئاستەنگانەی لە لایەن حکومەتی فیدراڵی و کۆمپانیای سۆمۆوە بۆ نەوتی هەرێم دروست دەکرێت ، نرخی نەوتی هەرێم کەمترە لە نرخی بازاڕەکانی جیهان.

دووەم: لە چاوپێکەوتنەکەدا بەڕێز وەزیری نەوتی فیدراڵی ، داوای ئەوە دەکات دۆسیەی نەوتی هەرێم ڕادەستی سۆمۆ بکرێت و بە شێوەیەکی ( مەرکەزی) بەڕێوە ببرێت . لە کاتێکدا بە پێی دەستوور ، عێراق دەولەتێکی فیدراڵییە و مەرکەزیی نییە . بە پێی دەستووریش ، کە زۆرینەی عێراقییەکان دەنگیان پێداوە ، هەرێمی کوردستان مافی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەیە . بۆیە داوای ڕادەستکردنی دۆسیەی نەوتی هەرێم، داوایەکی نا دەستوورییە . بەڵام لە هەمانکاتدا ئێمە ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ ئەوەی داهاتی 250 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە ڕادەستی حکومەتی فیدرالی بکەین لە بەرامبەر ئەوەی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم دابین بکەن. هەمیشە ئامادەشین کێشەکانی نێوانمان بە پێی دەستوور چارەسەر بکەین و بگەینە ڕێککەوتنێکی هاوبەش کە لە بەرژوەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت.

سێیەم: سەبارەت بە پابەندبوون بە بڕیارەکانی ئۆپێک ، هەرێمی کوردستان پابەندبووە بەو بڕەی بۆی دیاریکراوە کە 430 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە، لە کاتێکدا هەرێم تەنیا نزیکەی بیست و پێنج هەزار بەرمیلی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی داناوە، بەڵام حکومەتی فیدراڵی یەک ملیۆن بەرمیلی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆییە.

بەپێی ڕێژەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی بێت کە 12.67% دەبووایە هەرێم زیاتر لە شەشسەت هەزار ( 600,000 ) بەرمیل بەرهەم بهێنێت لە کۆی پێنج ملیۆن بەرمیلی بەرهەمی عێراق، بەڵام هەرێم تەنیا چوارسەد و پەنجا هەزار بەرمیل بەرهەم دێنێت، واتە هەرێمی کوردستان زۆر لە بەشی خۆی کەمتر بەرهەم دەهێنێت. بۆیە ئەوەی لە بەشی خۆی زیاتر نەوتی بەرهەمی هێناوە حکومەتی عێراقە نەک هەرێم ، بۆیەش دەبێت حکومەتی عێراق بەرهەمی خۆی کەم بکاتەوە نەک ئەو داوایە لە هەرێم بکات. سەرەڕای ئەوەش هەرێمی کوردستان بۆ بەشداری لە کەمکردنەوەی بەرهەمێنان، سی هەزار (30.000 ) بەرمیلی لە بەرهەمهێنانی خۆی کەم کردووەتەوە.

چوارەم : بەڕێز وەزیری نەوتی فیدراڵی ئاماژەی بەوە کردووە کە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک سەر بە بەغدان . لە کاتێکدا ئاشکرایە کە کەرکووک بە پێی دەستوور، ناوچەیەکی کێشە لەسەرە و پێویستە بە پێی ماددەی 140 خاوەندارێیتی ئەو ناوچانە چارەسەر بکرێت.

لە کۆتاییدا جارێکی دیکەش ئامادەیی خۆمان بۆ چارەسەرکردنی بابەتەکانی پەیوەست بە دۆسیەی نەوت دەردەبڕین بە شێوەیەک لە بەرژەوەندی هەردوولاماندا بێت .

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
k24 -
Top