سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق كاتی ھەڵبژاردنی پێشوەختە یەكلایی دەكەنەوە
بڕیارە سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق جارێکی دیكە و بە ئامادەبوونی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ پرسی یەکلاییکردنەوەی دواخستنی ھەڵبژاردنی پێشوەخته، رۆژی دووشەممە کۆببنەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر سێ سەرۆکایەتییەکە، داوای دواخستنی ھەڵبژاردنیان کردبوو، بەڵام بەھۆی ئەو کاردانەوە توندانەی بە دوای خۆیدا ھێنا، دەیانەوەێت دوا بڕیاری لە سەر بدەن. ھەموو ئاماژەکانیش ئەوە دەردەخەن، کە کۆمسیۆن ناتوانێت لە 6ی حوزەیرانی ئەم ساڵ ھەڵبژاردن بهڕێوه ببات، چونکە لە کۆی 25 ملیۆن دەنگدەر لە عێراق تا ئێستا 15 ملیۆن دەنگدەر کارتی بایۆمەترییان نوێ کردووەتەوە.
سالم توفەیلی پەرلەمانتاری رەوتی حیکمە گوتی: " بەشێك لە پەرلەمانتاران پێداگری لەسهر ئهوە دەکەن، ھەڵبژاردن بۆ مانگی 10 یان 11 دوابخرێت، بەشێکی دیكەش داوا دەکەن، لە مانگی شەش ئەنجام بدرێت، بەڵام کەس ناتوانێت ئەو کاتە دیاری بکات، تەنھا کۆمسیۆن نەبێت. کۆمسیۆنیش دەکەوێتە سەر تواناکانیان ئاخۆ تا چەند لە رووی دارایی و ھونەریەوە ئامادەییان بۆ بهڕێوهبردنی پرۆسهكه تێدایە".
ھەرچەندە پەرلەمان دەنگی بە ھەموارکردنەوەی یاسایی ھەڵبژاردنەکانی عێراق داوە و ئەو پرسە یەکلایی بووەتەوە، بەڵام تا ئێستاش ژمارەیەك پەرلەمانتار و کوتلەی سیاسی متمانەیان بە یاساکە و فرەبازنەیی پرۆسەی ھەڵبژاردن نیە.
کازم سەیادی، پەرلەمانتارێکی شیعەیە و گوتی: "ھەڵبژاردن ھیچ لە بارودۆخی عێراق ناگۆرێت و خراپتری دەکات".
ھەروەھا سەیادی گوتیشی:" من نە لەگەڵ دواخستنی ھەڵبژاردنم نە لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنم، ئێمە لەگەڵ بەڕێوبردنی ھەڵبژاردنێکی شەفافین، کە یاساکەی دوور بێت لە دەستێوەردانی کوتلە سیاسیەکان و سەرکردەکان، بۆ ئەوەی حکومەتێک لە دایك ببێت، كه حکومڕانی راستەقینە بکات و گوزارشت بێت لە داخوازیەکانی ھاووڵاتیان و عێراق، بۆ ئەوەی دوور بێت لە دەستێوەردانی ھەموو باڵوێزخانە و ولاتان و ئەجێندای دەرەکی".
لە کۆی ئەو 433 حزبەی کە خۆیان تۆمارکردوە بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سێ حزبی نوێی کاریگەر لە سەر ئاستی شەقامی شیعی ھاتوونەتە پێشەوە، رەنگە بەڕەی حوکمڕانی لە ژێر پێی چەند سەرکردەیەکی شیعە دەربھێنن، چونکە ئەوانە لە ژێر ناوی جولانەوەی شەقام کار بۆ ئەجێندای خۆپیشاندانەکانی ئوکتۆبەری ساڵی 2019 دەکەن. ئەو سێ حزبە نوێیە، بریتین له ھەریەك لە رەوتی مەرحەلەی موستەفا کازمی، جولانەوەی نازل ئاخز حەقی و جولانەوەی بیت و العراقیە.
k24 -