مسته‌فا كازمی دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ عێراق له‌ قه‌یرانێكی قووڵدایه‌

مسته‌فا كازمی دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ عێراق له‌ قه‌یرانێكی قووڵدایه‌
مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق گوتی: عێراق به‌ دۆخێكی سه‌خت و قه‌یرانێكی ئاڵۆزی ئابووریدا تێپه‌ڕده‌بێت و هۆكاره‌كه‌شی بۆ خراپی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و بێ پلانی گه‌ڕانده‌وه‌.

ئه‌م گوتانه‌ی كازمی له‌ میانه‌ی لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا هاتوون، كه‌ له‌لایه‌ن نووسینگه‌ی راگه‌یاندنه‌كه‌یه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و دووپاتیكرده‌وه‌، "ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت وڵات بونیاد بنێینه‌وه‌ و گه‌نجه‌كانمان له‌سه‌ر بنه‌مای رۆشنبیری ژیان و هیوا به‌ داهاتوو ئاراسته‌ بكه‌ین، نه‌ك عه‌سكه‌رتاریه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ و رۆشنبیری مردن".

‌سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق روو له‌ بریندارانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان گوتی: "دوای تێپه‌ڕاندنی سه‌ختییه‌كان ته‌واوی مافه‌كانتان پێ ده‌درێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش تیمێكی به‌دواداچوون بۆ مافه‌كانتان پێكده‌هێنرێت و له‌ ئاینده‌دا چه‌ند دیدارێكمان ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی پێویسته‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئه‌نجامبدرێت".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، په‌یمانگه‌ی "برۆكینگز"ی ئه‌مه‌ریكی بۆ تویژینه‌وه‌ له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ هه‌ندێك مه‌ترسی گه‌وره‌ ده‌كات، كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ ئاینده‌ی ئابووری عێراق و تواناكه‌ی له‌ دابینكردنی پێداویستییه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌وه‌ هه‌یه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌ی په‌یمانگه‌ی برۆكینگزی ئه‌مه‌ریكیدا تیشك خراوه‌ته‌ سه‌ر مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و كورتهێنانه‌ی له‌ بودجه‌ی ئه‌مساڵی عێراقدا هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ پشكی هێزه‌ ئه‌منییه‌ كلاسیكییه‌كان یان حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ هه‌یه‌ و جه‌ختی كردووه‌ته‌وه‌، زۆربه‌ی پشكی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ بودجه‌ی ساڵی 2021ی عێراقدا بۆ گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ته‌رخانكراوه‌ و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ئه‌و گرووپه‌ چه‌كدارانه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر جومگه‌ ئابوورییه‌كانی عێراقدا گرتووه‌ و جه‌ختیشیكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌و گرووپه‌ نیمچه‌ سه‌ربازیانه‌ی له‌و وڵاته‌ هه‌ن به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستا به‌رده‌وام بن و كۆنترۆڵی ده‌وڵه‌ت بكه‌ن، ئه‌وا چاره‌نووسێكی مه‌ترسیدار چاوه‌ڕێ عێراق ده‌كات.
k24 -
Top