پشكی ههرێم له بودجهی عێراق به گوێرهی دانیشتوان نییه
ھەرێمی کوردستان لە لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە 15%ی عێراق پێکدەھێنێت؛ بەڵام لە دابەشکردنی بەشە بودجە، غەدری گەورەى ليکراوە. بە پێی ئەو خەمڵاندنەی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان کردوویەتى ئێستا ژمارەی دانیشتوانی هەرێمى کوردستان گەيشتووهتە 6 ملیۆن و 180 ھەزار کەس، سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستانيش پێیوایە بەغدا بە میزاجی سیاسی بڕیار لە بارەی بودجە دەدەن.
سیروان محهمهد، سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان گوتی: بە پێی ئەو خەمڵاندنانەی لە بەردەستیاندایە ژمارەی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە شەش ملیۆن کەسە ودیاریکردنی بەشە بودجەی ھەرێمیش لە سەر میزاجی شەخسی و سیاسی بووە نەک یاسايى.
بەپێی پڕۆژە بودجەی عێراق 12.67% وەک بەشە بودجە بۆ ھەرێمی کوردستان دیاری کراوە؛ لە کاتێکدا پێشتر 17% بوو، ئێستاش بە پێی ژمارەی دانیشتوان دیاریان نەکردووە.
محمد ئیلخانی، بڕیاردەری لیژنەی دارايی لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: دانانى بەشە بودجەى ھەرێمی کوردستان هيج بنەمایەکی یاسايی نیە و عێراق پشت بە ژمارەی دانشتوانیش نابەستێت. دیاریکردنی ئەم ڕێژەیەش لەلایەن ئەو عەقڵێتە سیاسییەوەیە کە ئێستا حوکمی عێراق دەکەن.
پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجە دەبێت بە پێی ژمارەی دانیشتوان دیاری بکرێت، کە ڕێژەی کورد 15%، بەڵام کەمتر لەم رێژەیە دیاری کراوە و ساڵانە بە دەیان مليار دۆلار لە پشکی ھەرێمی کوردستان بە بیانوی جیا جیا دەبڕێت. بەشێکیش لە پەرلەمانتارانی ھەرێمی کوردستان دڵنیا نین لەوەی تەنانەت بەغدا ئەو بەشەش بنێرێت، کە لە پڕۆژەیاسای بودجەدا ئاماژەی پێکراوە؛ چونکە لە ساڵانی رابردوودا ھیچ کات 17% بودجەی بۆ ھەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکردووە.
k24 -