دادگای عێراق لێدوانێكی وەزیری دەرەوەی ئێرانی رەت كردەوە

دادگای عێراق لێدوانێكی وەزیری دەرەوەی ئێرانی رەت كردەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە دادگای عێراق لێدوانێكی دوێنێی وەزیری دەرەوەی ئێرانی رەت كردەوە كە گوتبووی دادگای عێراقی لەسەر بنەمای بەدواداچوونەكانی ئێران، بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەركردووە.

دادوەرە عێراقییە پەیوەندیدارەكە بە بڕیاری دەستگیركردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، لە ڕێگەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقەوە راگەیەندراوێكی بڵاو كردووەتەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەوان لەسەر بنەمای ڕێوشوێنە دادوەریە پێویستەكان و وەرگرتنی وتەی كەسوكاری كوژراوەكانی ڕووداوی هێرشە ئاسمانییەكەی سەر فڕۆكەخانەی بەغدا، بڕیاری دەستگیركردنیان بۆ ترەمپ دەركردووە.

دادوەرەكە دەشڵێ بە پێی مادەی ٤٠٦ی یاسای سزادانی عێراقی و بە تۆمەتی كوشتنی ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و هاوەڵەكانی، بڕیاری دەستگیركردنیان بۆ ترەمپ دەركردووە.

ئەوەشی راگەیاندووە كە باڵوێزخانەی ئێران لە بەغدا، هاوكارییان بوون لە وەرگرتنی وتەی كەسوكاری كوژراوەكانی هێرشە ئاسمانییەكە.

جێی باسە دوێنێ چوارشەممە ئاژانسی هەواڵی "میهر"ی ئێرانی لە زاری محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی گواستبووەوە كە دوای ئەوەی ئێران بەدواداچوونێكی گەورەی بۆ كەیسی كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كرد، بەرهەمەكەی ئەوە بوو دادگای عێراقی بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەركرد.

زەریف ئەوەشی گوتبوو كە بڕیاری دەستگیركردنی ترەمپ لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقەوە، دوای ئەوە هات كە وەزارەتی دەرەوەی ئێران و چەند ئاژانسێكی تر، بەدواداچوونێكی گەورەیان بۆ كەیسی كوژرانی سولەیمانی و موهەندیس كرد.

هەفتەی رابردوو دادگای رەسافە لە بەغدا بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دۆناڵد ترەمپ دەركرد، ئەمەش بووە جێی گاڵتەپێكردنی زۆرێك لە هاووڵاتییانی عێراق لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە.













باسنيوز


Top