هیچ زانیارییەک لەسەر پارە بلۆککراو و بەقاچاخبراوەکانی عێراق لە دەرەوەی وڵات نییە

هیچ زانیارییەک لەسەر پارە بلۆککراو و بەقاچاخبراوەکانی عێراق لە دەرەوەی وڵات نییە
بەغدا هیچ داتابەیسێکی لەسەر پارە بلۆککراو و بەقاچاخبراوەکانی عێراق لە دەرەوەی وڵات نییە و باس لە بردنەدەرەوەی 350 ملیار دۆلار دەکرێت لە دوای ساڵی 2003وە، ئابووریناسانیش پێیان وایە نەبوونی بەڵگە و هیچ سەرچاوەیەک لە بوونی ئەو پارانە گەڕانەوەیان ئەستەم دەکات.

لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، یەکێتیی ئەورووپا لیستێکی بە ناوی ئەو وڵاتانە بڵاوکردەووە کە زۆر مەترسیدارن لەسەر دارایی یەکێتیی ئەوروپا، بەهۆی کەمتەرخەمییان لە رێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر، عێراق یەکێک بوو لەو وڵاتانە و هه‌ریه‌ك له‌ وڵاتانی ئەفغانستان، سووریا، پاکستان، یەمەن، ئێران و کۆریای باکووریش لە لیستەکەدابوون.

بەپێی زانیاریی بەرپرسان و پەرلەمانتارانی عێراق، قەبارەی ئەو پارانەی بەشێوەی قاچاخ لەسەردەمی حوکمڕانی شیعییەکاندا لە عێراق براونەتە دەرەوەی وڵات، نزیکەی 350 ملیار دۆلار دەبێت، کە ماوەی چەندین ساڵە حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق دەڵێن، کار لەسەر گەڕاندنەوەی ئەو پارانە دەکەن، بەڵام بە پێچەوانەوە دۆسیه‌ی گەندەڵی لەو وڵاتە کراوەیە و بردنە دەرەوەی پارە بەردەوامی هەیە.

لەمبارەوە، عەبدولكەریم عەبتان، ئەندامی لێژنەی دەستپاكیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاشکرای کردووە بەهۆی دیاردەی گەندەڵییەوە لە ساڵی ڕابردوودا عێراق بەبڕی 350 ملیار دۆلار زیانی بەركەوتووە.

پێشتریش، سامر زیاب، ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ میدیا عێراقیەکان رای گەیاندبوو: كە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق لەساڵی 2011وە لێژنەیەكی بۆ بەدواداچوونی موڵك و سامانە داراییەكانی عێراق لە وڵاتانی دەرەوە پێك هێناوە و بەپێی بەدواداچوونەكانیان عێراق لە وڵاتانی جیهاندا خاوەنی چەندین هۆتێل و خانوو و كۆشك و كێڵگە و زەویی كشتوكاڵییە، كە بەهاكانیان بە پارەی نەختینەیی دەكاتە 87 ملیار دۆلار. "عێراق لە وڵاتانی سریلانكا و ڤێتنام و تایلاند خاوەنی چەندین كێڵگەی كشتوكاڵی و خانوبەرەی گەشتیارییە كە رووبەری زەوییەكان دەگاتە 36 هەزار هێكتار و لە ئیسپانیا و ئیتاڵیا و فەرەنساش خاوەنی چەند هۆتێل و چێشتخانەیەكی پێنج ئەستێرەیە، بەڵام بەهۆی لاوازیی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی عێراقییه‌وە لە دەرەوە، تا ئێستا عێراق نەیتوانیوە داوای موڵكە بەتاڵانبراوەكانی بكاتەوە”.

بەپێی زانیارییەکان لە عێراق ساڵانە زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار بە ناوی پرۆژەی وەبەرهێنان و نیشیەجێبوون، پارە دەچێتە دەرەوە، لە ماوەی ساڵانی رابردوو چەندان بانکی بیانی هاوکاربوون لە سپیکردنەوەی پارە.

ئابووریناس، محەمەد عەلی عوزێری، ڕای گەیاند، وڵاتێک کە هیچ داتابەیسێکی لەسەر پارە بلۆککراو بەقاچاخ براوەکانی لەدەرەوەی وڵات نەبێت، بێگومان گەڕانەوەی ئەو پارانە ئەستەم دەبێت، چونکە لە رووی نێودەوڵەتیەوە نازانرێ چۆن هاوکاری بکرێت و لە چ سەرچاوەیەکەوە سکاڵا تۆمار بکرێت، گووتیشی “تا گەندەڵی و دزین بەردەوام بێت بێگومان ئەوە سپیکردنەوەی داهاتەکانیش بەردەوامی دەبێت و لە عێراقیش بردنە دەرەوەی پارە و سپیکردنەوەی بەردەوامە، کە هەر ئەوەشە وایکردوە ناوی لە لیستی مەترسیدارترین وڵاتەکان بێت، دەرهێنانی ناوەکەشی رێوشوێنی گەورەی پێویستە”.










باسنیوز


Top