به‌غدا: بایۆمه‌تری به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی ره‌سمییه‌

به‌غدا: بایۆمه‌تری به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی ره‌سمییه‌
كابینه‌ی حكومه‌تی به‌غدا به‌ سه‌رۆكایه‌تی "مسته‌فا كازمی" سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كۆبوویه‌وه‌ و ژماره‌یه‌ك بڕیاری نوێی ده‌ركرد.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (12ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایری 2021)، كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی كابینه‌ی حكومه‌تی "كازمی" له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو و چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد. كه‌ پوخته‌كه‌یان ئه‌مانه‌ن:

یه‌كه‌م: وه‌زاره‌تی نه‌وت به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ گواستنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كانی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با.

دووه‌م: ره‌زامه‌ندی درا وه‌زاره‌تی كاره‌با بانگهێشتنی تایبه‌ت بكات بۆ جێبه‌جێكردنی هێڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ی وێستگه‌كانی رومێله‌ - زیقار، فاوی 400 كه‌ی ڤی، به‌سره‌ی غازی، هارثه‌ی هه‌ڵمی و قه‌رنه‌ی 400 كه‌ی ڤی. به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی گرێبه‌سته‌كان به‌ دۆلار بكرێن نه‌ك دینار و به‌های دۆلاریش له‌گه‌ڵ داخستنی بازاری دراو ده‌بێت.

سێیه‌م: وه‌زاره‌تی نه‌وت پشتیوانی دارایی پڕۆژه‌ی كۆمپانیا قازانجویسته‌كان ده‌كات، له‌ پشكی وه‌زاره‌تی دارایی.

چواره‌م: كارتی بایۆمه‌تری بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ به‌ یه‌كێك له‌ به‌ڵگه‌نامه‌ ره‌سمییه‌ بڕواپێكراوه‌كان له‌ فه‌رمانگه‌كانی ده‌وڵه‌ت كاری پێ ده‌كرێت. پێویسته‌ سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ر و خانه‌نشین و كارمه‌ندانی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت لیستی بایۆمه‌تری خۆیان نوێ بكه‌نه‌وه‌.

پێنجه‌م: وه‌زیری دارایی راسپێردرا واژوو له‌سه‌ر رێككه‌وتنی ئه‌و مینحه‌یه‌ بكات، كه‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌ سه‌رپه‌رشتی بانكی نێوده‌وڵه‌تی به‌ بڕی 12 ملیۆن و 500 هه‌زار دۆلار بۆ پاره‌داركردنی پڕۆژه‌ی به‌هێزكردنی دامه‌زراوه‌كانی چاودێری و لێپرسینه‌وه‌ له‌ ئیداره‌ی گشتیی دارایی ده‌وڵه‌ت ته‌رخانیكردووه.
k24 -
Top