لە خۆپیشاندانەکانی ناسرییە کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان کوژرا
بەپێی راگەیێندراوێکی شانەی ئەمنیی عێراق، لە رووداوەکانی ئەمڕۆی شاری ناسرییە ناوەندی پارێزگای زیقار، پۆلیسێک کوژراوە و 33 پۆلیسی دیکە برینداربوون.
لە رۆژی هەینییەوە خۆپیشاندا و ناڕەزایەتییەکان لە گۆڕەپانی حەبووبی شاری ناسریە دەستیپێکردەوە و شەڕو پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران روویداوە.
خۆپیشاندەران زۆربەی رێگە سەرەکییەکانیان داخستووە، هێزە ئەمنییەکانیش هەوڵی کردنەوەی رێگەکەیان داوە. خۆپیشاندانەکان دوای ئەوە دەستیانپێکردەوە، کە رۆژی سێشەممە رابردوو ئیحسان هیلالی یەکێک لە چالاکوانانی خۆپیشاندانەکان دەستگیرکرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 13 خۆپیشاندەری دەستگیرکراو ئازادکران، کە لەنێویاندا ئیسحان هیلالی هەبوو. بەپێی زانیارییەکان زیاتر لە 30 خۆپێشاندەر دەستگیرکراون.
کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق لە راگەیێندراوێک بڵاویکردەوە، لە شەڕو پێکدادانەکانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا لە زیقار، کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە و 111 کەس لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان برینداربوون، گولـلە زیندوو و بەرد، کەرەستەی بریندارکردن بەکارهێنراوە.
کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق هۆشداریی دەدات لە بەردەوامبوونی شڵەژانی ئەمنی و چارەسەر نەکردنی کێشە کەڵەکەبووەکان، هەڵنەستانی حکومەت و دامودەزگە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران بە رۆڵی خۆیان بە خێرایی لە پاراستنی ئاسایش و ئارامی، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی پشێوی و کەوتنەوەی قوربانی زیاتر.
بەیاننامەیەک بەناوی خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی حەبووبی بڵاوبووەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوەکراوە، بەم دواییانە هەڵمەتێکی دەستگیرکردن بەڕێوەچووە، ئەمەش وایکردووە ئەوانە هەڵوێستی تووندتر بنوێنن بەمەبەستی گوشار دروستکردن بۆ ئازادکردنی خەڵکانی بێتاوان و راگرتنی بە ئامانجکردنی خۆپیشاندەرانی ئاشتیانە، دوای ئازادکردنی دەستگیرکراوان ئەو ئاڵۆزکردنە دەوەستێن و هێمنی دەگەڕێتەوە.
هاوکات هەر ئەمشەو لە بابل خۆپیشاندان دەستپێکردووە و خۆپیشاندەران چەند رێگەیەکیان گرتووە و تایەی ئۆتۆمبێڵیان سووتاندووە.
rudaw -