هاوپەیمانییەکەی مالیکی: ئەمریکا سەروەریی عێراق پێشێل دەکات

هاوپەیمانییەکەی مالیکی: ئەمریکا سەروەریی عێراق پێشێل دەکات
هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، کە (نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات)، رایدەگەیەنێت، ئەمریکا بە سەپاندنی سزا بەسەر کەسایەتییە عێراقییەکان، سەروەریی وڵات پێشێڵ دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 10-1-2021 لە بەیاننامەیەکدا، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاندووە، سزادانی کەسایەتی و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان لەلایەن ئەمریکاوە پێشێڵکردنی سەروەریی عێراقە و ”رەتی دەکەینەوە“.

هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە ئاماژەکردن بە سزادانی فالح فەیازی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، رایگەیاندووە، سیاسەتەکانی ئیدارەی ئێستای ئەمریکا لە خۆسەپاندنی وڵاتەکەی بەسەر حکوومەت و کەسایەتییە جیهانییەکان، شکستی هێناوە و ”هیوادارین ئیدارەی نوێ ئەو کێشەیە چارەسەر بکات“.

هەر لە بەیاننامەکەدا، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە ”هەڵوێستی روون“ی هەبێت بەرامبەر سزادانی فالح فەیاز و کەسایەتییەکانی دیکەی عێراق.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە رۆژی هەینی 8-1-2021، فالح فەیازی بەهۆی بوونی پەیوەندی بە چەندین پێشێلكاریی مەترسیداری مافەكانی مرۆڤ لە میانی خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی 2019ی عێراق، خستە لیستی سزاکانەوە.











باسنيوز


Top