سوننەکانی عێراق داوای بەشەبودجەی خۆیان دەکەن
ئەمڕۆ یەکشەممە 10-1-2021، عەبدولخالیق ئەلعەزاوی، نوێنەری پارێزگای دیالە لە پەرلەمان، بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، نوێنەرانی پارێزگا سوننییەکان لەگەڵ لێژنەی دارایی پەرلەمان کۆ دەبنەوە.
عەبدولخالیق ئەلعەزاوی هەروەها رایگەیاندووە، چەندین ناوچەی پارێزگا سوننییەکان، سەرەڕای تێپەڕینی ماوەیەکی زۆر بەسەر رزگارکردنەوەیان، هێشتا خزمەتگوزارییان بۆ نەچووە و خەڵکەکەی بە دەست چەندین کێشەوە دەناڵێنن.
ئەو پەرلەمانتارەی دیالە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ لێژنەی دارایی، داوای بەشەبودجەی پارێزگاکانیان دەکەن، بۆ ئەوەی ئەو پارێزگایانە ئاوەدان بکرێنەوە.
بە گوتەی ئەلعەزاوی، زۆرینەی ناوچەکانی پارێزگا سوننییەکان تا ئێستا نەخۆشخانە و قوتابخانەیان تێدا دروست نەکراوە.
باسنيوز