خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق کرا
پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021ـی عێراق، قەبارەکەی زیاتر لە 164 تریلیۆن دینارە و پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 71 تریلیۆن دینار کورتهێنانی هەبێت، پێشنیازکراوە 47 تریلیۆن و 817 ملیار دیناری بە قەرزکردن پڕبکرێتەوە.
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا لەبارەی کۆبوونەوەکە و بەشی کورد لە بودجەی 2021ی عێراق گوتی "بەشێکی پەرلەمانتارانی شیعە پێداگرن لەوەی کە دەبێت بەشی رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق زیاتر بکرێت، ئێستا لەسەر ئەندامانی کورد لە لیژنەی دارایی دەمێنێتەوە کە 250 هەزار بەرمیل جێگیربکرێت. لەگەڵ نیوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان."
هەڵکەوت عەزیز لەگەڵ پەرلەمانتارێکی عێراق قسەی کردووە و پێی راگەیاندووە کە "سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەگەڵ مستەفا کازمی کۆبوونەتەوە و رێککەوتن کە پرۆژەیاساکە وەکخۆی لە پەرلەمانی عێراق جێبەجێ دەکرێت."
هۆشیار عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەو باسی کێشەی بودجەشی کرد و ئاماژەی بەوە دا "کێشە لە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستاندا هەیە، کێشە لە بەشی پارێزگاکاندا هەیە. ئێستاش جمووجوڵی فراوان لە ئاستی پارێزگاکان بۆ لیژنەی دارایی دەستی پێکردووە".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی نموونەی بەوە هێنایەوە، کە چەند شتێک لەنێو پرۆژەیاسای بودجەدا هەن دەسەڵاتی ئەوانی تێدا نییە. رایگەیاند، "یەکێك لەوانەی لە دەسەڵاتی لیژنەی دارایی نییە، ئەوەیە کە ناتوانن دینارێک بخەینە سەر ئەو بڕە پارەیەی بۆ بودجە دیاریکراوە، بەڵام دەتوانین کەمی بکەینەوە یان بیگوازینەوە".
لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پێویستە و گرنگە ئەو کورتهێنانە گەورەی کە لە پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021 دا پێشبینیکراوە، پڕبکرێتەوە.
rudaw -