سەدر لەبارەی رووداوەکانی کۆنگرێس پەیامێک ئاراستەی خەڵکی ئەمریکا دەکات
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر رایگەیاند "پێشتر پێمان راگەیاندبوون، دیموکراسییەتی رۆژئاوا فریودەر و ساختەیە؛ بە دەستەواژە و دروشم و راگەیاندنەکان رازاندوویانەتەوە و بریقەداریان کردووە. درۆ دەکەن کاتێک بۆ هەموو جیهان باسی ئازادی، مافی مرۆڤ و دیموکراسییەت دەکەن".
موقتەدا سەدر نووسیویەتی "دوێنێ راستییەکان لەبارەی پێشکەوتوویی تەکنۆلۆژیا و زانستیان ئاشکرابوو، کە لە بەرامبەر زیندەوەرێکی بە چاو نەدیتراو چەند لاواز و سیس و بێ دەسەڵات بوون [مەبەستی ڤایرۆسی کۆرۆنایە]. ئەمڕۆش رووخسارە راستەقینەکەیان ئاشکرابوو، تۆزی سەر دیموکراسییەکەیان بە با چوو کە لەنێو پشێوییەکی بێوێنەدا رووداوی کۆنگرێس سەریهەڵدا".
رێبەری رەوتی سەدر دەڵێت "ئەگەر ترەمپ دەستبەرداری خۆشەویستیی دەسەڵات و کورسیی دەسەڵات نەبووایە، سەرەتای کۆتاییهاتنی ئەمریکای بەناو دیموکراسی دەبوو. بەمەش پێگە مەزنەکەی لەسەر ئاستی جیهاندا بچووک دەبووەوە. ئەمریکای ئەمڕۆش نابێتەوە ئەمریکای دوێنێ و ئەمڕۆی لە سبەی باشتر نابێت، ئەگەر بێتو بەردەوامبێت لە بڵاوکردنەوەی خراپەکاری و بەدڕەوشتی و یاریکردن بە چارەنووسی گەلان و وڵاتان".
پەیامێکیش ئاراستەی حیزبە ئیسلامییەکان دەکات و داوایان لێدەکات "ئایین بۆ بەرژەوەندیی کەسی و حیزبی بەکارنەهێنن و نەیکەنە کەرەستە بۆ بەرژەوەندییە تەسکەکانی حیزبی و تائیفی و چینایەتی و نەژادی، وەکو چۆن رۆژئاواییەکان بە بەکارهێنانی چەمکی جیاواز، دۆخەکانیان بۆ بەهێزکردنی پێگە و بەرژەوەندی و مەرامە تایبەتەکانیان قۆستووەتەوە".
لە کۆتاییدا، سەدر داوای لە خەڵکی ئەمریکا کردووە گوشار بخەنە سەر حکومەتی وڵاتەکەیان بۆئەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق بکشێنێتەوە و لەوبارەیەوە نووسیویەتی "بەر لەوەی بەڵاکە بگاتە نێو ماڵەکانتان، ئەو کارە بکەن، چونکە دواتر پەشیمانی دادتان نادات".
rudaw -