سوپای عێراق په‌لاماری هه‌رێم ده‌دات

سوپای عێراق په‌لاماری هه‌رێم ده‌دات
"دوور نییه‌ سوپای عێراق، په‌لاماری نه‌وت و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بدات"، ئه‌مه‌ نوێترین قسه‌ی په‌رله‌مانتارێكی كورده‌، كه‌ خه‌ڵكی بۆیه‌ ناردوویانه‌ته‌ په‌رله‌مان، تا ڕێ بگرێت له‌ هه‌ر شتێك كه‌ له‌ دژیان ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ روو بدات. كه‌چی ئه‌ویش هه‌ر وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌كه‌ره‌كان، به‌شداره‌ له‌ خۆشكردنی زه‌مینه‌ی وه‌ها په‌لامارێك...

به‌ڵام ئایا ئه‌و راسته‌كات؟ سوپای عێراق، به‌ هه‌ر بیانوویه‌كه‌وه‌ بێت، په‌لاماری هه‌رێم ده‌دات؟ ئه‌مه‌ له‌وه‌ی فاكت بێت، یان ئه‌گه‌رێك بێ و روودانی موحته‌مه‌ل بێت، باڵۆنێكی سیاسییه‌.

له‌ سیاسه‌تدا شتێك هه‌یه‌ پێی ده‌ڵێن (باڵۆنی سیاسی)، ئه‌مه‌ش واته‌ شتێك یان رووداوێك، كوره‌ یان په‌نێكت به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ و ده‌ته‌وێت یان حه‌زده‌كه‌یت روو بدات، به‌ڵام له‌ كاردانه‌وه‌كه‌ی ده‌ترسیت و دڵنیا نیت، بۆیه‌ هه‌ڵیده‌ده‌یته‌ شه‌قامه‌وه‌، ئه‌گه‌ر كاردانه‌وه‌ی خه‌ڵك قورس نه‌بوو، جێبه‌جێی ده‌كه‌یت، ئه‌گه‌ریش كاردانه‌وه‌ی خه‌ڵك تووند بوو، ئه‌وا هه‌ر وه‌ك هه‌واڵێك ده‌چێته‌ مێژووه‌وه‌ و هیچ روونادات.

زۆربه‌ی وڵاته‌كان دژ به‌ یه‌كتری (باڵۆنی سیاسی) هه‌ڵده‌ده‌ن. ئیسرائیل به‌رده‌وام باڵۆنی سیاسی دژ به‌ ئێران هه‌ڵده‌دات تا بزانێت له‌ ئه‌گه‌ره‌كه‌ی ئه‌ودا، وه‌ڵامی ئێران چۆن ده‌بێت؟! ئه‌مه‌ریكا و چین له‌سه‌ر ئابووری، هیندستان و پاكستان له‌ سه‌ر كشمیر، حوسییه‌كان و سعودییه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات، به‌رده‌وامن له‌ هه‌ڵدانی باڵۆنی سیاسی دژ به‌ یه‌ك.

هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك ده‌كه‌یت و دڵنیا نیت، به‌رامبه‌ره‌كه‌ت چی ده‌كات؟ ده‌ته‌وێت بزانیت ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كه‌ت جێبه‌جێ كرد، ئه‌و چی پێ ده‌كرێت له‌ به‌رامبه‌رت؟ ئه‌مه‌ی په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كه‌ خه‌ڵكی كوردستانی پێ ده‌ترسێنێت، رێك ئه‌و شته‌یه‌. ئه‌م سوپایه‌ ده‌یه‌وێت په‌لامار بدات، تۆ چاك بیت یان خراپ، ئه‌و هه‌ر حه‌ز ده‌كات داگیرت بكاته‌وه‌، بۆیه‌ باڵۆنی سیاسی هه‌ڵده‌دات، ده‌یه‌وێت بزانێت ئه‌گه‌ر هات تۆ چی ده‌كه‌یت؟

هه‌ندێ وڵات كه‌ یه‌كێكی تر باڵۆنیی سیاسیی له‌ دژ هه‌ڵده‌دات، له‌ به‌رامبه‌ریدا مانۆڕی سه‌ربازی ده‌كات و به‌هێزترین سه‌ربازه‌كانی و ئاگرپاره‌ترین چه‌كه‌كانی نیشان ده‌دات. هه‌ندێ وڵاتی تریش رێوشوێنی ئابووری ده‌گرێته‌ به‌ر.

ده‌ی سوپای عێراق له‌ هه‌ر كات و ساتێكدا بۆی بگونجێت، په‌لاماری هه‌رێمی كوردستان ده‌دات. ئه‌مه‌ نه‌ عیلمی ده‌وێت و نه‌ پێویستی به‌ هاوكێشه‌ی سیاسییه‌ و نه‌ شاره‌زایی و خیبره‌ی پێویسته‌. تۆ ئه‌ندام په‌رله‌مان بیت یان شوان، زه‌ڕه‌یه‌ك ژیریت هه‌بێت، ده‌زانیت سوپای عێراق سوپایه‌كی به‌ده‌وی و خێڵه‌كییه‌ و له‌ هه‌ر كاتێكا بۆی بگونجێت، په‌لاماری كوردستان ده‌دات، به‌ڵام خستنه‌ بازاڕی ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتاری كورده‌وه‌، رێك ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ حه‌زده‌كات روو بدات.

كۆمه‌ڵێك په‌رله‌مانتاری كورد له‌ به‌غدا، به‌رده‌وام (باڵۆنی سیاسی)یان بۆ هه‌ڵده‌ده‌ن، عه‌ره‌به‌كان بیانه‌وێت یان حه‌ز بكه‌ن هه‌رچی دژی هه‌رێم بكه‌ن، ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ پێشتر زه‌مینه‌یان بۆ خۆش ده‌كه‌ن و كاردانه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستانیان بۆ ئاسایی ده‌كه‌نه‌وه‌.هه‌ندێكیان ئه‌سڵه‌ن باڵۆنه‌كه‌یش هه‌ڵناده‌ن و راسته‌وخۆ داوا ده‌كه‌ن شته‌كه‌ دژی هه‌رێم جێبه‌جێ بكرێت. یه‌كێك له‌و په‌رله‌مانتاره‌ كوردانه‌ خۆی بێ شه‌رمانه‌ له‌ سه‌ر ته‌له‌فزیۆن وتی: به‌ سوپای عێراقم وت وه‌رن به‌ زه‌بری هێز كۆنترۆڵی بكه‌ن و پرس به‌ كه‌سیش مه‌كه‌ن.

چما له‌ پاش ئه‌م باڵۆنه‌ سیاسییه‌، كاردانه‌وه‌ی خه‌ڵكی ئێمه‌ چی بوو؟ ئێ روونه‌، سوپای عێراق یان حه‌شدی شه‌عبی، ته‌نیا و ته‌نیا ده‌یه‌وێت هه‌ولێر و دهۆك بگرێت، ده‌نا چ كێشه‌ی له‌ سلێمانی و گه‌رمیان و جێی تر نییه‌. ئه‌و سوپایه‌ هه‌ر كاتێك په‌لاماری هه‌رێم بدات، حه‌تمه‌ن هه‌ر له‌ هه‌ولێر و دهۆكه‌وه‌ كاردانه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ دژی تووند ده‌بێت، ده‌نا خۆ 2017 هاتن و كه‌س له‌ولاتره‌وه‌ ڕێی لێ نه‌گرتن. باڵۆنه‌ سیاسییه‌كه‌ وه‌كو پێشووتره‌، هه‌ر وتم با بزانن.
k24 -
Top