دادگای عێراق وەڵامی ڕەخنەكان لە بڕیاری دەستگیركردنی دۆناڵد ترەمپ دەداتەوە
ئەمڕۆ دادگای رەسافەی بەغدا بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دۆناڵد ترەمپ دەركرد، ئەمەش لە بەرانبەر بۆردومانکردنی کاروانێکی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە ڕێگەی فرۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، كە هەریەک لە ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی تێدا کوژران، بەم هۆیەوە ڕەخنەی زۆر لە دادگاكە گیرا و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشدا بە گاڵتەوە بووە دەنگوباس.
لەمبارەیەوە دادگاكە لە بەیاننامەیەكدا لەسەر زاری حەیدەر عەلی نوری سەرپەرشتیاری ناوەندی میدیایی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقەوە، بڕگەیەكی ئایەتی قورئانی هێناوەتەوە و نووسیویەتی "سلاماً ... سلاماً"، بەو مانایەی سڵاو لەوانەی ڕەخنە لە بڕیاری دادگا دەگرن بە هۆی دەركردنی بڕیاری دەستگیركردنی سەرۆكی ئەمریكا.
دادگاكە دووپاتیشی كردووەتەوە كە بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری ڕێوشوێنە یاساییەكان بۆ دەستگیركردنی ترەمپ و راگرتنی لەبەردەم دادگای عێراقیدا.
جێی باسە هەر ئەمڕۆ جگە لە ڕەخنە و گاڵتەپێكردنی زۆری هاووڵاتییانی عێراق بەم بڕیارە، سەرۆکی پارتی ئوممەی عێراقیش رایگەیاند كە ئەم بڕیارەی دادگای بەغدا لە دژی سەرۆکی ئەمریکا، بڕیارێکی عێراقی نییە.
میسال ئالوسی سەرۆکی پارتی ئوممەی عێراقی بە (شەفەق نیوز)ی راگەیاندبوو كە ئەو بڕیارە سووکایەتییە بە دادگای عێراق و سەروەری و دەوڵەتی عێراق. ئەوەشی گوتبوو كە ئەم بڕیارە بۆ رازیکردنی ”کەسانێک لە دەرەوەی سنووری عێراق“ دراوە، وەک ئاماژەیەک بۆ بەرپرسانی وڵاتێكی دراوسێی عێراق.
باسنيوز