سەرکردەیەکی عێراقی: بڕیاری دادگای رەسافە لە دژی ترەمپ بڕیارێکی عێراقی نییە
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دادگای رەسافە لە بەغدا به هۆی تۆمهتباركردنی له دۆسیهی کوشتنی ئەبوو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دۆناڵد ترەمپ، کە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی لە 20-1-2021 کۆتایی دێت، دەرکرد.
میسال ئالوسی، سەرۆکی پارتی ئوممەی عێراقی بە (شەفەق نیوز)ی راگەیاندووە، ئەو بڕیارە سووکایەتییە بە دادگا، سەروەری و دەوڵەتی عێراق.
میسال ئالوسی پێیوایە ئەو بڕیارە بۆ رازیکردنی ”کەسانێک لە دەرەوەی سنووری عێراق“ دراوە، وەک ئاماژەیەک بۆ بەرپرسانی وڵاتێكی دراوسێی عێراق.
سەرۆکی پارتی ئوممەی عێراقی هەروەها رایگەیاندووە، کە ئەو بڕیارە هیچ بەهایەکی یاسایی لە دادگا تایبەتە نێودەوڵەتییەکان نییە و ناتوانرێ جێبەجێ بکرێت.
میسال ئالوسی بە ئاماژەکردن بەوەی عێراق پێویستیی زۆری بە پاڵپشتیی ئەمریکا هەیە، جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەو بڕیارە بڕیارێکی عێراقی نییە و هەرگیز ناتوانرێ جێبەجێ بکرێ.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، لە ئەنجامی بۆردومانکردنی کاروانێکی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکییەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
باسنيوز