جەمال کۆچەر: لە عێراق گەشتکردن بە فڕۆکە باجی دەخرێتەسەر
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راگەیاند "لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ی عێراقدا زۆر شت، لەنێویاندا گەشتکردن بە فڕۆکە، باجی خراوەتەسەر، بەجۆرێک کە ئەگەر گەشتەکە لە ناوخۆی عێراق لە پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی دیکە بێت، بڕی 10 هەزار دینار باجی خراوەتەسەر و کاتێک گەشتەکە بۆ دەرەوەی وڵات بێت 25 هەزار دینار باجی خراوەتەسەر".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتیشی، ئەگەر خێزانێکی شەش کەسی گەشتی دەرەوەی وڵات بکەن، بۆ هەر کەسێک 25 هەزار و بەگشتی 150 هەزار دیناری باجی زیادکراو دەدەن.
بە گوتەی جەمال کۆچەر "چاکسازیی کابینەکەی کازمی تەنیا خۆی لە زیادکردنی باج و بڕینی بەشێک لە مووچەی فەرمانبەران دەبینێتەوە"، ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارە بە مەبەستی بڕینی دوو مووچە و سێ مووچە و بندیوارەکان، حکومەت لە ساڵی نوێدا بایۆمەتری بۆ مووچەی فەرمانبەران بکات.
وەزیری دارایی عێراق دەڵێت، زیاتر لە 200 هەزار بۆ 300 هەزار کەس هەن مووچەی بندیوار وەردەگرن، جەمال کۆچەر لەوبارەیەوە گوتی "هەرچەندە وەزیری دارایی باس لە 300 هەزار بندیوار دەکات، بەڵام ژمارەکە لەوە زۆر زیاترە".
rudaw -