عێراق شەش ملیار دۆلار قەرزداری ئێرانە؛ ئێران داوادەکات لەبری ئەوە ڤاکسینی بۆ بکڕێت

عێراق شەش ملیار دۆلار قەرزداری ئێرانە؛ ئێران داوادەکات لەبری ئەوە ڤاکسینی بۆ بکڕێت
وەزیری وزەی ئێران لە بەغدا رۆژی سێشەممە لەگەڵ بەرپرسانی پلە بەرزی عێراق کۆبوەوە تاوەکو رێگەچارەیەک بۆ پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە عێراق بدۆزێتەوە کە نزیکەی شەش ملیار دۆلارە. ئەوەش ئێرانی زۆر توڕە کردووە، وەزیرەکەی ئێران هۆشداری دەدات بە لایەنی عێراقی کە ئەگەر ئەم دۆخە درێژە بکێشێت گرێبەستەکە دەکەوێتە مەترسییەوە.

رەزا ئەردەکانیان، وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند "رێز لەم گرێبەستە دەگرین. ئەگەر پابەندیی دوو لایەن بە دروستی جێبەجێ ببێت، گرێبەستەکەش بە دروستی جێبەجێ دەبێت".

ئێران لە ماوەی رابردوودا هەناردەی گازی لە 50 ملیۆن مەتری سێجای رۆژانەوە بۆ 5 ملیۆن کەمکردبوەوە، ئەمەش یەک لەسەر سێی کارەبای عێراقی بڕیبوو. هەڕەشەی کردبوو ئەگەر پارەکەی نەدرێتەوە بۆ سێ ملیۆنیشی کەمدەکاتەوە.

وادیارە ئەم گوشارانە کاریگەر بوون، چونکە وەزیری وزەی ئێران لە دانوستاندنەکانی رازی بووە. ئەو دەڵێت "رێککەوتوون ئێران ڤاکسینی کۆرۆنا لە ئەوروپا بکڕێت و پارەکەی لە عێراقەوە بدرێت".

رەزا ئەردەکانیان ئاماژەی بەوەش کردووە "هیوادارین بە شێوەیەکی خێراتر لەو پارەیەی لە عێراق هەمانە، بۆ کڕینی پێداویستییە سەرەکییەکان کەڵک وەربگرین".

ئەردەکانیان گوتووشیەتی "سەرەڕای کێشەکان، وەزارەتی کارەبا و بەرپرسانی عێراقی توانیویانە بەشێکی بەرچاوی پارەکانی ئێران بدەنەوە". ئەو دوو وڵاتە پێشتریش رێککەوتبوون، ئێران پێداویستییە خۆراکییەکانی لە وڵاتانی دیکە بکڕێت و پارەکەی لەو پارەیەی لە عێراق بدات، بەڵام وادیارە بەگوێرەی چاوەڕوانیی ئێران نەبووە.

عێراق بۆ دانەوەی ئەو قەرزە دوو کێشەی سەرەکیی هەیە، ئێران لە لیستی رەشی ئێف ئەی تی ئێف، واتە گرووپی تایبەتی رێکاری داراییدایە، کە بانکە جیهانییەکانی راسپاردووە ئاڵوگۆڕی بانکی لەگەڵ ئێران نەکەن، هەروەها گەمارۆکانی ئەمریکاش.

بابەتێک کە ئێرانی لەگەڵ کەمیی دۆلار بەرەوڕوو کردووەتەوە، بەهای تمەنی بە رێژەیەکی کەموێنە دابەزاندووە و ئابووریی ئەو وڵاتەی لەگەڵ قەیران بەرەوڕوو کردووەتەوە.

هەناردەی کارەبا بۆ عێراق ساڵانە 700 ملیۆن دۆلار قازانجی بۆ ئێران هەیە، گرێبەستی نێوانیان شەش ساڵەیە و سێ ساڵی ماوە، ئەگەر لەم ماوەیەدا عێراق نەتوانێت پێویستیی گازی خۆی لە هەرێمی کوردستان بکڕێت و تەکنۆلۆژیای دەرهێنانی گاز دابین نەکات، گرێبەستەکە نوێدەکرێتەوە.
rudaw -
Top