دۆخێكی له‌ناكاوی ئه‌منی له‌ به‌غدا راگه‌یه‌ندراوه‌‌

دۆخێكی له‌ناكاوی ئه‌منی له‌ به‌غدا راگه‌یه‌ندراوه‌‌
لە بەغدا بەهۆی هەڕەشەی گرووپە چه‌كداره‌كان باری لەناکاوی ئەمنی راگەیه‌ندراوە، میلیشیاکان ئامادە نین ملكه‌چی بڕیارەکانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بن، گرووپە چەکدارەکانی عێراق بە ئاشکرا و لە شەقامەکان بە ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ دەسووڕێنەوە، هەر کاتێکیش بیانەوێت نمایشی سەربازی دەکەن.

ئه‌و دۆخه‌ی هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ خه‌ڵكی به‌غدای نیگه‌ران كردووه، چونکه‌ به‌رده‌وام ترسی ئه‌وه‌یان هەیە، له‌ هه‌ر كاتێكدا بێت پێکدادانی چەکداری لە نێوان گرووپه‌ میلیشیاکان و هێزەکانی حکومەت رووبدات.‌

له‌و باره‌یه‌وه‌ هاووڵاتییه‌كی ئه‌و شاره‌ به‌ناوی حوسێن زه‌ینولعابدین بۆ كوردستان24 گوتی: "گومانی تێدا نییه‌ عێراق لە قەیران دایه‌، بارودۆخێکی ناجێگیر هەیە و ترسێکی زۆر لای خەڵکی هەیە، ئەگەر بڕیاری یەکلاکەرەوه‌ لەلایەن دەوڵەتەوە نه‌درێت بۆ چارەسەرکردنی میلیشیاکان، دڵنیابن تا 100 ساڵی دیكه‌ش عێراق ئارام نابێت".

له‌كاتێكیشدا گرووپە میلیشیاکان بەتەواوی دەسەڵاتیان بەسەر شارى به‌غدادا گرتووە، بەبێ گوێدانە داواکاریەکانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، تیری رەخنەکان زیاتر ئاراستەی حکومەتە، کە نەیتوانیوە هێزە چەکدارەکان لەژێر فەرمانی خۆیدا بێت، هادی عێراقی، لێکۆڵەری بواری گرووپە چەکدارەکان بۆ كوردستان24 جه‌ختی كرده‌وه‌: هه‌ر دەوڵەتێك کە ناوی دەوڵەت بێ، ناکرێت رێگە بدات گرووپە لەیاسا دەرچووەکان بە چەکەوە نمایشی چه‌كداری بکەن.

لایەنە شیعیەکان بەرەو یادی کوشتنی قاسم سلیمانی و ئەبومەهدی موهندیس دەچن، ژماره‌یه‌كی زۆری وێنەكانیان لە نێو شەقامەکانی بەغدا هه‌ڵواسیوه‌، ئەمەش ئەوەندەی دیکە دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە، چونکە هێشتا نازانرێت ئایا چەند رۆژی داهاتوو بەئارامی بەسەر عێراقدا تێپەڕ دەبێت یان نا.
k24 -
Top