گوتەبێژی حکومەتی عێراق: بودجەی 2021 سەرەتای جێبەجێکردنی پلانی چاکسازیی گشتگیرە
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 29ی کانوونی یەکەمی 2020، د. حەسەن نازم، گوتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی هەفتانەدا رایگەیاند، حکومەتی ئێستا نایەوێت دۆخەکە ئاڵۆز بکات، بەڵکو بە ئارامی و داناییەوە مامەڵە لەگەڵ ئاڵنگارییە ئەمنییەکان دەکات.
لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە، گوتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیران گوتی، پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 سەرەتای جێبەجێکردنی پلانی چاکسازیی گشتگیرە، ئەو ژمارانەی لەنێو بودجەدان، تەنیا بۆ یەک ساڵی دارایی نییە، ناکرێت بودجەیەکی یەک ساڵی لێکەوتەکانی ساڵانی رابردوو چارەسەر بکات، کاخەزی سپی سەرەتای چاکسازییە.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق راشیگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، وەزیری تەندروستی دووپاتیکردەوە رێکارەکان لەگەڵ کۆمپانیای فایزەر تەواوبوون بۆ هاوردەکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا.
حەسەن نازم ئاماژەی بەوەش کرد، ساڵێکی قورسیان لەڕووی ئابووری و ئەمنییەوە بەڕێکردووە و ساڵی 2021یش ساڵی چاکسازیی دارایی دەبێت. ئەوەشی خستووەتەڕوو، گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئێران لەسەر ئاستی ئابووری و ئەمنی بەردەوامە و "لەبارەی غاز و کارەباش گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئێران بەردەوامن".
سەبارەت بە رێژەی مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، گوتەبێژەکەی حکومەتی عێراق گوتی، رێژەکە کەمبووەتەوە بۆ 2% و رێژەی چاکبوونەوەش زیادبووە، هەروەها ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش رەزامەندیی نیشانداوە لەسەر کڕینی ڤاکسینی فایزەر.
rudaw -