پەرلەمانتارێکی سادیقون: ھەندێک لە راوێژکارەکانی کازمی ھانی دەدەن بۆ رووبەڕووبوونەوە
عەسائیبی ئەھلی حەقیش چارەی ئەو دۆخەیان بەستووەتەوە بە تەنیا دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا و راوێژکارانی کازمیش بە ھۆکاری تێکدانی بارودۆخی عێراق و قووڵبوونەوەی نێوان گرووپەکانی سەر بە حەشد و ھێزە ئەمنییەکان دەزانن.
محەممەد بەلداوی، پەرلەمانتاری سادیقون کە باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی حەقە دەڵێت، ھەندێک لە راوێژکارەکانی سەرۆکوەزیران ھانی دەدەن بە ئاراستەی رووبەڕووبوونەوە و پێکدادان، "ئەم قۆناخە ھی ئەوە نییە کە سەرۆکوەزیران ھەنگاوی لەو شێوەیە بنێت، ئێمە نامانەوێت عێراق لە دەرەوەی جیھاندا بێت، بەڵام ئەمرۆ لە بەرامبەردا کاری ئیستفزازی ھەیە کە لەلایەن ھەندێکەوە دەکرێت بیرمان نەچێت ئەمڕۆ ھێزێکی داگیرکەر ھەیە لەسەر خاکی عێراق".
لەنێو ئەو دۆخە شڵەژاوە ئەمنییەی تێیدان، ترس و دڵەڕاوکێ بە روونی بە سیمای خەڵکەوە دەبیندرێت، ھۆکاری ئەم پاشاگەردانییەش بۆ کۆنترۆڵنەکردنی چەک و ئەو گرووپانە دەگەڕێننەوە کە کەس لە ئاستیاندا بوێریی وەستانی نییە.
داود سەلمان خانەنشینە و دەپرسێت "کوا کۆنترۆڵی حکومەت لەسەر ئەو گرووپە چەکدارانە؟ یان کۆنترۆڵکردنی ئەو چەکە بەربڵاوەی ھەیە، دەبینیت لە باشووری عێراق عەشایەرەکان ئەوەندە چەکیان ھەیە وەک ئەوەی لە جەنگدابن، لە شارەکانی دیکە و بەغداش حیزبەکان تەواو کۆنترۆڵیان کردووە.
ئەحمەد عەباس، دووکاندارێکی بەغدایە و ئەو پێی وایە، گەڕانەوەیەکی گەورە ھەیە لە رووی ئەمنییەوە لە عێراق، ھیوادارین ھەمووان ئەوانەی لە پەرلەمانن و لە دەرەوەی پەرلەمانیش، ھەروەھا سیاسییەکان، درک بەوە بکەن و رێگەنەدەن تووندوتیژی بەردەوام بێت لە عێراق، لەبەرئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئێستا سەیری عێراقی یەکگرتوو دەکەن.
موسا مستەفا پیشەی پارێزەرە، دەڵێت "من وەک ھاووڵاتییەکی عێراقی بە راشکاوی دەڵێم ئەمن و ئاسایش نییە، ھۆکارەکەشی بەربڵاوی چەکە لەم وڵاتە، بێگومان ئەوە تەنیا ھەڕەشە لە ھاووڵاتی ناکات، بەڵکو ھەڕەشەیە بۆ سەر وەبەرھێنانیش لە وڵات، لە ھەمانکاتدا وێنەیەکی ناشرینی وڵات نیشان دەدات".
رووداو زانیویەتی مانەوەی سێ رۆژی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لەبەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ کەسی یەکەمی گرووپەکانی عەسائیب، نوجەبا و حیزبووڵڵا ئاکامی ئەوەبوە، پێیگوتون خۆتان ئامادەبکەن و ھەرکات ئەمریکا لە بەرژەوەندیی ئێرانی دا، لە بەرژەوەندییەکانیان بدەنەوە.
rudaw -