عێراق فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ سه‌ركرده‌ی میلیشیاكانی حیزبوڵڵا ده‌ركرد

عێراق فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ سه‌ركرده‌ی میلیشیاكانی حیزبوڵڵا ده‌ركرد
له‌ هه‌واڵێكی به‌په‌له‌دا كه‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بییه‌ رایگه‌یاند، ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیان بۆ ئه‌بو عه‌لی عه‌سكه‌ری، سه‌ركرده‌ی میلیشیاكانی حیزبوڵڵا ده‌ركرد.

ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی شه‌وی رابردوو ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی حیزبوڵڵا هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كرد، كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ به‌هۆی به‌رده‌وامی هه‌ڕه‌شه‌ی گرووپه‌ میلیشیاكان بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی و هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كانیان بۆ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا و نوێنه‌رایه‌تی وڵاتان له‌ به‌غدا، حكومه‌تی عێراق بڕیاریدا رووبه‌ڕووی ئه‌و گرووپانه‌ ببێته‌وه‌.

شه‌وی رابردوو له‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی تویته‌ر، ئه‌بو عه‌لی عه‌سكه‌ری، سه‌ركرده‌ی گرووپی میلیشیای حیزبوڵڵای عێراقی هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كرد، كه‌ "هه‌ردوو گوێیه‌كه‌ی ده‌بڕێت" و نه‌ ئێران و نه‌ ئه‌مه‌ریكاش به‌هانایه‌وه‌ ناچن.

له‌ تویته‌كه‌یدا عه‌سكه‌ری نووسیبووی: "داوا له‌ مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌كه‌یه‌ن، ئارامگرتنی به‌ره‌ی به‌رگری "مقاومة" تاقی نه‌كاته‌وه‌ و گوتی: "ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ هه‌ردوو گوێی كازمی ببڕێن" و هیچ كام له‌ ئیتلاعاتی ئێران و "CIA" ئه‌مه‌ریكاش به‌هانایه‌وه‌ نایه‌ن".

رۆژی 25ی ئه‌م مانگه‌ش له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا میلیشیاكانی گرووپی عه‌سائیب ئه‌هلولحه‌قی سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبی، هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ ئه‌مه‌ریكا كرد و داواشیان له‌ سه‌ركرده‌كه‌یان كرد، فه‌رمانیان پێ بكات، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌ هێرشه‌كانیان بكه‌ن.

له‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌دا كه‌ له‌ كه‌ناڵی سابرێن نیوزی نزیك له‌ میلیشیاكانی ئه‌و گرووپه‌ بڵاوكرایه‌وه‌، كه‌سێك له‌ ناوه‌ڕاستی كۆمه‌ڵه‌ چه‌كدارێكی ده‌مامكدار ده‌ركه‌وت و گوتی: "ئێمه‌ وه‌ك عه‌سائیب ئه‌هلولحه‌ق، ئه‌و چه‌كه‌ی پێشتر شه‌ڕی داگیركارانمان پێ كردووه‌، هێشتا به‌ده‌ستمانه‌وه‌یه‌ و ئاماده‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕووی هاوپه‌یمانانی ئه‌مه‌ریكا به‌كاری بهێنین".

هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه‌، "هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌ك بۆ سه‌ر موجاهیده‌كان، ده‌ستدرێژییه‌ بۆ سه‌ر ئێمه‌"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ هه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئه‌و گروپه‌ میلیشیایانه‌ی سه‌ر به‌ ئێران، كه‌ واشنتن په‌نجه‌ی تۆمه‌تی هێرشكردنه‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا و نوێنه‌رایه‌تیی وڵاتان بۆیان درێژ ده‌كات.

ئه‌و چه‌كداره‌ ده‌مامكداره‌ی گرووپی عه‌سائیب ئه‌هلول حه‌ق له‌ گرته‌كه‌دا داوای له‌ قه‌یس خه‌زعه‌لی، سه‌ركرده‌ی گرووپه‌كه‌شیان كرد، گڵۆپی‌ سه‌وزیان بۆ داگیرسێنێت و فه‌رمانی هێرشكردنیان پێ بكات.
k24 -
Top