دوای رفاندنی، ژنه‌ چالاكوانێكی عێراقی دۆزرایه‌وه‌

دوای رفاندنی، ژنه‌ چالاكوانێكی عێراقی دۆزرایه‌وه‌
دوای چه‌ند رۆژێك له‌ رفاندنی، ئه‌مڕۆ ژنه‌ چالاكوانێكی خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی به‌غدا دۆزرایه‌وه‌، كه‌ شوێنه‌واری ئه‌شكه‌نجه‌ و لێدانی ته‌زووی كاره‌با به‌ جه‌سته‌یه‌وه‌ دیاره و پێی به‌ دڕێل كون كراوه‌.

"ئینتسار ناهی" ژنه‌ چالاكوانی عێراق، ئه‌مڕۆ دۆزرایه‌وه‌ و گواسترایه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی یه‌رمووك له‌ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری پێویست بۆ برینه‌كانی بكرێت.

له‌و باره‌یه‌وه‌، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، "فائق ئه‌لشێخ عه‌لی" له‌ تویتێكدا نووسیویه‌تی: ئینتسار زۆر ئه‌شكه‌نجه‌ دراوه‌ و له‌ دڕێلی كاره‌بایی ئازار دراوه‌.

تا ئێستا ئاشكرا نه‌بووه‌، كێن ئه‌وانه‌ی ئه‌و ژنه‌ چالاكوانه‌یان رفاندووه‌ و به‌و جۆره‌ ئه‌شكه‌نجه‌یان داوه‌.

ژماره‌یه‌ك له‌ چالاكوانه‌كان پێیان وایه‌، گرووپ و میلیشیاكانی سه‌ر به‌ كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ پشت ئه‌و تاوانانه‌ن و ئه‌وانن ده‌ستیان ده‌چێته‌ رفاندن و ئه‌شكه‌نجه‌دانی چالاكوانانی خۆپیشاندانه‌كان.

له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندانه‌كانی مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردووه‌وه‌ تا ئێستا زیاتر له‌ (20) چالاكوان كوژراوون.

تا ئێستا بكه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌و تاوانانه‌ ده‌ستنیشان و ده‌ستگیر نه‌كراوون.

هه‌ندێك له‌و چالاكوانانه‌ی رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی رفاندن بوونه‌ته‌وه‌، یاخود رزگاریان بووه‌ له‌ هه‌وڵی كوشتن، ده‌ڵێن به‌ر له‌ تاوانه‌كان له‌ رێی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌، یاخود له‌ رێی مۆبایله‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌مان لێكراوه‌ و سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانیش میلیشیاكان بوون، كه‌ له‌ عێراق ده‌سته‌واژه‌ی "میلیشیا" بۆ لایه‌نگرانی ئێران به‌كار ده‌هێنرێت.

له‌ مانگی ئایاری رابردوودا، كاتێك "مسته‌فا كازمی" سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ده‌ستبه‌كار بوو، به‌ڵێنی دا بكه‌رانی تاوانی كوشتنی چالاكوانان و رفاندنیان ئاشكرا بكات و به‌ سزایان بگه‌یه‌نێت، به‌ڵام تا ئێستا به‌ڵێنه‌كانی جێبه‌جێ نه‌كردوون و هیچ كه‌سێك رووبه‌ڕووی دادگا نه‌كراوه‌ته‌وه‌.

له‌ ده‌ستپێكی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ تا ئه‌مساڵ، زیاتر له‌ 600 خۆپیشانده‌ر به‌ گوله‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئێران كوژراوون.
rudaw -
Top