سوپای ئەمریکا بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانەوە پەیامێک بۆ گەلی عێراق دەنێرێت

سوپای ئەمریکا بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانەوە پەیامێک بۆ گەلی عێراق دەنێرێت


فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانەوە بۆ سەر باڵوێزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا، پەیامێک بۆ گەلی عێراق دەنێرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 24-12-2020، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە، ”بە دڵنیاییەوە“ گرووپە عێراقییەکانی سەر بە ئێران، هێرشە مووشەکییەکەی سەرەتای ئەم هەفتەیەیان ئەنجام داوە.

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا بەرپرسیارێتیی هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر باڵوێزخانە و بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی لە عێراق، دەخاتە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی ئێران.

لە بەیاننامەکەدا، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا رووی لە گەلی عێراق کردووە و رایگەیاندووە، ”ئەو گرووپە لە یاسادەرچووانە“ عێراقین و بۆ بەرژەوەندیی ئێران کار دەکەن، کە ئەوەش ”خیانەتە لە سەروەریی عێراق“.

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا بە بیر گەلی عێراق دەهێنێتەوە، کە بەهۆی هێرشەکانی ئەو گرووپانە زۆر زیاتر لە ئەمریکییەکان، هاووڵاتییانی عێراق و هێزە ئەمنییەکانی عێراق کوژراون.

لە چەند هەفتەی رابردوودا، بەهۆی مەترسیی هێرشی میلیشیاکان لە ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی بۆ سەر باڵوێزخانەکە، نزیکەی نیوەی دیپلۆمات و کارمەندانی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بەرەو هەولێر کشێندرانەوە.

دوایین هێرشی مووشەکی، کە کرایە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، لە شەوی یەکشەممە 21-12-2020 بوو، کە هەشت مووشەک ئاراستەی باڵەخانەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا کران.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.

بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.

قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.









باسنيوز
Top