کەناڵێکی عەرەبی: ئەمریکا بەشێکی دیکەی دیپلۆماتکارانی لە بەغدا گواستووەتەوە هەولێر
کەناڵێکی عەرەبی باس لەوە دەکات، کە ئەمریکا بەشێک لە دیپلۆماتکار و کارمەندانی باڵوێزخانەکەی، لە بەغداوە گواستووەتەوە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
کەناڵی (سکای نیوز) لە زاری بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، بڵاوی کردووەتەوە، کە رێکارە ئەمنییەکان لە دەوروبەری باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا، توندتر کراون.
توندکردنی رێکارە ئەمنییەکان بەهۆی ترسی هێرشی میلیشیاکانی حەشدی شەعبییە، کە نزیکن لە ئێرانەوە و ئەگەر هەیە لە ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی هێرش بکەنە سەر باڵوێزخانە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
ئەو بەرپرسە هەروەها رایگەیاندووە، کە فەرمان بە ماسیۆ تولەر، باڵوێزی ئەمریکا لە بەغدا و تیمەکەی کراوە لە بارەگای باڵوێزخانەکە بچنە دەرەوە، بۆ ئەوەی خۆیان و کارمەندانی باڵوێزخانەکە، سەلامەت بن.
بەر لە دوو هەفتە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕیاری کشاندنەوەی نیوەی کارمەند و دیپلۆماتکارانی لە بالوێزخانەکەیان لە بەغداوە بۆ هەولێر، دابوو.
ماڵپەڕی کەناڵی سکای نیوز ئاماژەی بەوەش کردووە، کە زانیویانە بەشێکی دیکەی کارمەند و دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکان لە بەغدا گواستراونەتەوە هەولێر.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.
باسنيوز