داوای بانگهێشتكردنی وه‌زیری دارایی عێراق بۆ په‌رله‌مان ده‌كرێت

داوای بانگهێشتكردنی وه‌زیری دارایی عێراق بۆ په‌رله‌مان ده‌كرێت
دوای نزمبوونه‌وه‌ی نرخی دیناری عێراقی به‌رامبه‌ر به‌ دۆلاری ئه‌مه‌ریكی و دروستبوونی ناسه‌قامگیری له‌ بازاڕی دراو و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی كاڵاكان، كه‌ هۆكاری ئه‌و ناسه‌قامگیرییه‌ ده‌خرێته‌ پاڵ عه‌لی عه‌للاوی، وه‌زیری دارایی، 40 په‌رله‌مانتاری عێراقی داواكارییه‌كیان پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كردووه‌ و تێیدا داوای بانگهێشتكردنی وه‌زیری دارایی ده‌كه‌ن.

له‌و داواكارییه‌دا كه‌ له‌لایه‌ن 40 په‌رله‌مانتاره‌وه‌ واژۆ كراوه‌ و له‌لایه‌ن عوده‌ی عه‌واد، په‌رله‌مانتاری كوتله‌ی سائیرونه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كراوه‌، هاتووه‌: "به‌ پشتبه‌ستن به‌ حوكمه‌كانی ده‌ستوری عێراقی، داوا ده‌كه‌ین لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ عه‌لی عه‌للاوی، وه‌زیری داراییدا بكرێت، به‌هۆی پێشێلكارییه‌كانی له‌ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ قه‌یرانی دارایی، ده‌ستبردنی بۆ شێوازه‌كانی دژی به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیان له‌ رێگه‌ی یاریكردن به‌ نرخی دینار و شكسته‌كانی له‌ راییكردنی ئه‌ركه‌كه‌ی وه‌ك وه‌زیری دارایی".

له‌سه‌ر داواكارییه‌كه‌ واژووی 40 په‌رله‌مانتار هه‌یه‌، به‌ڵام ئاماژه‌ به‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ نه‌دراوه‌.

ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ی هاتووه‌، بانكی ناوه‌ندی عێراقی دابه‌زینی نرخی دیناری بۆ 1450 به‌رامبه‌ر هه‌ر دۆلارێك به‌ فه‌رمی راگه‌یاند، له‌ كاتێكدا ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك بوو هه‌ر دۆلارێكی ئه‌مه‌ریكی به‌رامبه‌ر له‌ 1182 دینار مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ ده‌كرا.

بیرۆكه‌ی دابه‌زاندنی نرخی دینار به‌رامبه‌ر به‌ دۆلاری ئه‌مه‌ریكی پێشنیازی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق بوو، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پڕۆژه‌یاسای گشتیی ساڵی 2021 جێگیر بكرێت، كه‌ ئێستا چاوه‌ڕێی په‌سه‌ندكردنه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌.

ئه‌و بڕیاره‌ ناڕه‌زایه‌تی توندی به‌دوای خۆیدا هێنا، له‌كاتێكدا وه‌زاره‌تی دارایی پاساو بۆ ئه‌و بڕیاره‌ی دهێنێته‌وه‌ و ده‌ڵێت: ئه‌مه‌ گونجاوترین رێگه‌چاره‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی وڵات له‌ ژێر كاریگه‌ری داته‌پینی نرخی نه‌وت رزگار بكه‌ن، كه‌ به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا له‌ جیهان گه‌یشتبووه‌ نزمترین ئاست.
k24 -
Top