بۆ جارێکی دیکە خەونی کردنەوەی دەروازەی ئاڤاکۆ لە نێوان تورکیا و عێراق شکست دەهێنێ
سەرچاوەیەکی چاودێر ئاشکرای کرد، هێرشەکەی پەکەکە بۆسەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ سووریا، بەشێک بووە لە ئەجێندای ئیقلیمی بۆ گەیشتن بە خەونی کردنەوەی دەروازەی ئاڤاکۆی لە نێوان عێراق و تورکیا، بەڵام هاوشێوەی هێرشکردنەکەی سەر سحێلا و مەحموودیە لەلایەن حەشدی شەعبیەوە شکستی هێناوە.
بەپێی زانیاریەکانی ئەو سەرچاوەیە، پلانەکە بەو شێوەیە بووە کە پەکەکە دەست بگرێت بەسەر ناوچەکەدا و دواتر رادەست بە هێزەکانی حەشدی شەعبی و تورکیا بکرێت، ئەو هێزەی (یەپەگە)ش کە بۆ ئەو کردەوەیە راسپێردراوە راستەوخۆ فەرمانی لە قەندیل وەرگرتووە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە کۆبوونەوەکانی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆککۆماری تورکیا دزەیان کردوەتە ناو میدیاکان، لەو سەردانەی چەند رۆژی رابردووی کازمی بۆ لای رەجەب تەیب ئەردۆگان بۆ چەند سەعاتێک بە تەنیا کۆبوونەتەوە و باسیان لە پرسی کردنەوەی ئەو دەروازەیە کردوە، بەڵام مستەفا کازمی رەتیکردوەتەوە هەمان رۆڵی حەیدەر عەبادی ببینێت کە حەشدی شەعبی بەکارهێنا بۆ هێرشکردنە سەر ئەو ناوچەیە، بە باشیشی نەزانیوە هەمان ئەزموونی شکستخواردووی عەبادی تاقیبکرێتەوە، بەڵکو قسە لەسەر ئەوە کراوە قەبارەی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا بەرزبکرێتەوە ئەگەر پێویست بکات دەروازەی دیکەی بە رێکەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ بکرێتەوە.
بەڵام سەرچاوەکانی زانیاری جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەجێندای حەشدی شەعبی و پەکەکە لە شنگال روونە کە هەوڵێکی ئیقلیمیە بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان.
لەمبارەوە، د.سامان شاڵی، چاودێری سیاسی و شارەزا لە سیاسەتی ئەمریکا، رای گەیاند، ئەوە ئەجێندای ئێران و تورکیا و عێراقە کە دەیانوێ دەروازەیەکی سنووری بکەنەوە لە دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بێت لە شنگال، گووتیشی ”شنگال ناوچەیەکی ستراتیژە و ئێران نایەوێ ئەو هێزانەی گرێدراوی خۆین لەو ناوچەیە پاشەکشە بکەن، هەربۆیەش ناڕازی بووە لەو رێکەوتنەی لە نێوان حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە، کە ئەگەری ئەوە هەیە حکوومەتی (مستەفا کازمی)یش ئەو ئامانجەی هەبێ، ئەو ناوچەیە بخاتە ژێر هەژموونی خۆی تاوەکو بازرگانی عێراق لە موسڵەوە بەرەو سووریا و دواتر تورکیا بەرێت کە ئەوەش دووبارە زیان لە پێگەی ئابووری هەرێمی کوردستان دەدات، لەبەرئەوە گرنگە هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی کورد بە وریاییەوە بارودۆخەکە لێکبدەنەوە“.
ئەو چاودێرە ڕاشی گەیاند، ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەبێت و بەشێک نەبێ لە هەرێمی کوردستان، واتا ناوچە کێشە لەسەرەکان بێت، حکوومەتی عێراق دەسەڵاتی بەسەردا هەیە، بەڵام خاکی هەرێمی کوردستان کە لە دەستووردا دیاریکراوە، ئەوە دەبێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕێکەوتن بکرێ، گووتی ”کردنەوەی ئەو دەروازەیە کە ئەگەر رووبدات، ئەوە لەلایەک رۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان دادەبڕێنێ، کە ئەجێندای تورکیایە، لەلایەکی دیکەش زیان لە ئابووری هەرێمی کوردستان دەدات کە ئێستا لە ئیبراهیم خەلیەوە کاڵا و شت و مەک لە تورکیاوە دێتە ناو هەرێمی کوردستان و لەوێشەوە بۆ عێراق، لەو دۆخەدا راستەوخۆ دێتە عێراق کە ئەوەش ئەجێندای ئێران و عێراقە، هەر ئەوەش وایکردوە ئەو وڵاتانە کۆکبن لەسەر کردەوەی ئەو دەروازەیە، بەڵام تاچەند سەرکەوتوو دەبن ئەوە پرسێکی دیکەیە“.
ئەو چاودێرە پێشیوابوو هەرێمی کوردستان بە رێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆیی و یەکگووتاری و رێکەوتنی سیاسی، دەتوانێ قۆناغی ئابووری ئێستای تێپەڕێنێت، گرنگ ئەوەیە لە پرسی چاکسازی پاشەکشە نەکات، گووتی ”ئەگەر رێکەوتن لەگەڵ عێراق بۆ خۆتەسلیمکردن بێت، باشترە نەکرێت و دەست بۆ ئەو پلانەی خۆبەڕێوبەری ببرێت، ئەگەر رێکەوتنی سیاسی هەبێت و چاکسازی بەردەوام بکرێت ئەوە هەرێمی کوردستان لە توانایدا هەیە ئەو قۆناغە ئابووریە تێپەڕێنێ“.
لای خۆشیانەوە، د.مەحموود عوسمان، سیاسەتوانی کورد، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە وڵاتانی ئیقلیمی هەرکات دەستیان بڕوات کار بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان دەکەن، کردنەوەی ئەو دەروازەیەش لە پلانی ئەواندا هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هەرێمی کوردستان کیانێکی دەستووریە و پێویستە ئەو کارانەی دەکرێن لە چوارچێوەی دەستووردابن، ئەگەر بەشێوازی دیکەش بێت ئەوە بابەتێکی دیکەیە.
باسنیوز