کوتلەی بەدر: پرۆژەیاسای بودجەی عێراق رەت دەکەینەوە

کوتلەی بەدر: پرۆژەیاسای بودجەی عێراق رەت دەکەینەوە
پەرلەمانتارێکی کوتلەی بەدر لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە دوو ئەگەردا پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 رەت دەکەنەوە.

عودەی شەعلان ئەبولجون، پەرلەمانتاری بەدر بە (سۆمەرییە نیوز)ی راگەیاندووە، حکوومەت، وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندیی عێراق یاری بە ئاگر دەکەن و پەندیان لە ئەزموونەکانی پێشوو وەرنەگرتووە، ”دەیانەوێ بەڕووی گەلی عێراق بووەستن“.

عودەی شەعلان ئەبولجون هەروەها رایگەیاندووە، ئەگەر لەپرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 دەرماڵەی فەرمانبەران کەم کرابێتەوە و بەهای یەک دۆلار کرابێتە هەزار و 450 دینار، ئەوا ئەوان دەنگ بە پرۆژەیاساکە نادەن و رەتی دەکەنەوە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دەست بە کۆکردنەوەی واژۆی پەرلەمانتاران بۆ رەتکردنەوەی پرۆژەیاساکە و ناردنەوەی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، دەکات.

ئەبولجون پێیوایە چاکسازییەکانی حکوومەتی عێراق نالۆژیکین و ئەنجامی کارەساتباریان دەبێت، چونکە ”حکوومەتی عێراق بەو چاکسازییە پاڵپشتیی گەندەڵان و دژایەتیی هەژاران دەکات“.

هەروەک ئەو پەرلەمانتارە رایگەیاندووە، بڕیاری دابەزاندنی بەهای دینار لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ بەرژەوەندیی ”مافیا گەندەڵەکان و چەند وڵاتێک دراوە، کە هیوای خێر بۆ عێراق ناخوازن“.












باسنيوز

Top