بڕیارهكانی وهزارهتی دارایی عێراق ناڕهزایهتی لێدهكهوێتهوه
دواجار پرۆژە یاسایی بوودجەی ساڵی 2021، عێراق دەخاتە دۆخێکی ئابوری نۆێوە. دۆخێک کە گرانی بازار و شتومەک بە دوای خۆیدا دەھێنێت. وەزیری دارایی عێراق ئاشکرای كرد، کە بەھای دیناریان لە بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی داگرتووە بە جۆرێک 147 ھەزار دینار بەرامبەر دەبێت بە 100 دۆلارە. ھاوکات ھەموو دامەزراندێک لە پرۆژە بوودجەی ساڵی 2021 راگیراوە، ئەمە جیا لەوەی دەنگۆی کەمکردنەوەی دەرماڵەی مووچەی فەرمانبەران و گرانکردنی نرخی بەنزین ھەیە. نرخی یەک لتر دەگاتە 540 دینار، کوتلە جیاوازەکانی نێو پەرلەمان ھەر زوو دەنگی ناڕەزایەتیان لێ بەرزبوویەوە، تەواوی گۆرانکاریەکانی پرۆژە یاساکە بێ ئەوەی گەشتبێتە پەرلەمان رەتی دەکەنەوە.
رەوتی حیکمە لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنفراسێكی رۆژنامەوانیدا گوتی:" مووچەی فەرمانبەران ھێڵی سورە و بە ھەموو شێوەیەک رەتی دەکەینەوە دەستکاری بکرێت. ئەو برگانەی باس لە بەرزکردنەوەی بەھای دۆلار و زیادکردنی باج دەکات، لای ئێمە وەک رەوتی حیکمە ھەڵوێستمان رەتکردنەوەیەتی. بە شێوەیەکی گشتی رێگا نادەین دەستکاری دەرماڵەی مووچەی فەرمابەرانیش بکرێت.
قەیرانی دارایی لە عێراق لە ھەڵکشانی بەردەوامە و بەشێک لە پەرلەمانتاران ھۆشداری دەدەن؛ گەر بە خێرایی چاکسازیی دارایی نەکرێت، ئەوە پارەی کاش لە نێو بانکی ناوەندی بۆ مانگی ئاداری 2021 نزیک دەبێتەوە لە سفر.
سادق سڵێتی پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی سائیرون گوتی: " ئەگەر گەشتینە بەردەم ئەو دوو بژاردەیە، کە بەھای دینار لە بازارەکانی دراو دابەزێت و نرخی دۆلار بەو جۆرە گۆرانکاری بەسەردا بێت ئەوە کاریگەری خراپی لە سەر ھاووڵاتیان ھەیە. ھەروەھا کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانیش بە ھەمان شێوە. بۆیە ئێمە دەڵێن: لە قورسترین حاڵەت یەکێک لەو رێکارانە بگرنە بەر نەک بەو شێوە خێراییە، کە ھاوڵاتیان توشی شۆک بکەیت و زیانیان بەربکەوێت. من پێم وایە ئەمە زیان تەنھا بە ھاووڵاتی ئاسایی و ھاووڵاتیانی ھەژار دەگەیەنێت.
لە بارەی پشکی ھەرێمی کوردستان، وەزیری دارایی عێراق ئەوەی راگەیاندووە لەگەڵ شاندی حکومەتی ھەرێم رێکەوتن بۆ پرۆژە بوودجەی 2021 کە بە پێی یاسایی کارگێڕی دارایی نیوەی داھاتە نەوتی و نا نەوتییەکان رادەستی حکومەتی عێراق دەکەن. ھەروەھا درێژە بە گفتوگۆکانیان دەدەن لەگەڵ شاندەکە لە بارەی پشکی ھەرێم لە پرۆژە یاسایی قەرزی 3 ساڵی داھاتوو.
k24 -