پسپۆرێکی ئابووری: چاکسازییەکەی کازمی هەڵاوسان دەگەیێنێتە 30٪
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەشێکە لە "وەرەقەی سپی"ـی حکومەتی عێراق کە لەلایەن حکومەتی کازمییەوە ئامادەکراوە و ئەو هەوڵەش بە زیان بۆ هاووڵاتییان دەشکێتەوە.
باسم ئەنتوان رایگەیاند: "وەرەقە سپییەکەی حکومەت کە ماوەیەک لەمەوبەر رایگەیاند لە بودجەی 2021ـدا جێگەی کراوەتەوە و دابەزاندنی بەهای دینار بە رێژەی 25٪، کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران و زیادکردنی باج لەخۆدەگرێت."
ئەو پسپۆرە ئابوورییەی عێراق ئاماژەی بەوە دا، ئەو وەرەقەیەی پێیدەگوترێت وەرەقەی سپی، راستییەکەی وەرەقەکە رەشە بۆیە ئەگەر جێبەجێ بکرێت، ژمارەی هەژاران لە عێراقدا راستەوخۆ دەگەیێنێتە دووهێندە و رێژەی هەڵاوسانیش بۆ 30٪ بەرزدەکاتەوە. ئەوەش داڕووخانی ئابووریی بەدوادا دێت.
ئەنتوان باسی لەوە کردووە کەمیی فرەسەرچاوەیی ئابووریی عێراق و نەبوونی توانای حکومەت کە ئامادەکردنی بودجەیەک کە خەرجییەکان کەمبکاتەوە، بووەتە سەرچاوەی نەهامەتی و کێشە بۆ عێراق و هاووڵاتییانی.
rudaw -