"مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی عێراق دواده‌كه‌وێ"

ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئاشكرای ده‌كا، به‌ هۆی دواكه‌وتنی په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2021ـی عێراق، مووچه‌ی مانگی داهاتووی فه‌رمانبه‌رانی عێراق دواده‌كه‌وێ.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 19/12/2020، عه‌بدولخالق عه‌ززاوی، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بۆ سایتی به‌غداد ئه‌لیه‌وم، ڕای گه‌یاندووه‌، ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی عێراق سوور و ڕژد بێ، ده‌توانێ مووچه‌ی مانگی داهاتووی فه‌رمانبه‌رانی عێراق دابه‌ش بكا، چونكه‌ بڕه‌پاره‌ی پێویستی به‌رده‌سته‌، "به‌ڵام به‌ هۆی په‌سه‌ندنه‌كردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2021ـه‌وه‌، دابه‌شكردنی مووچه‌ دواده‌خا و ده‌یه‌وێ ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێ، دواتر مووچه‌ دابه‌ش بكا".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، هه‌رچه‌نده‌ حكوومه‌تی عێراق لایه‌نی جێبه‌جێكاره‌، به‌ڵام ده‌یه‌وێ ڕای گشتی وا تێ بگه‌یه‌نێ كه‌ په‌رله‌مانی عێراق له‌ پشت دواكه‌وتنی مووچه‌وه‌یه‌، له‌ كاتێكدا په‌رله‌مان لایه‌نێكی یاسادانان و چاودێرییه‌، نه‌ك جێبه‌جێكردن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی گوته‌كانیدا، سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی، به‌و پێیه‌ی تا ئێسته‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2021 نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، دواكه‌وتنی مووچه‌ ئه‌گه‌رێكی چاوه‌ڕێكراوه‌ و ته‌نیا حكوومه‌تی عێراقیش به‌رپرسیاریه‌تی له‌ ئه‌ستۆدایه‌.

هه‌ر ئه‌مڕۆ، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی مسته‌فا كازمی، دانیشتنێكی تایبه‌تی بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2021ـی عێراق ئه‌نجام دا.












باسنيوز


Top