سەرکردەکانی حەشد لە ترسی ئەمریکا مۆبایل و شوێنی نیشتەجێبوونیان دەگۆڕن

دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، حەشدی شەعبی داوای لە چەکدار و سەرکردەکانی کرد مۆبایل بەکار نەهێنن، چونکە ”ئەمریکا لەڕێی مۆبایلەوە چاودێریی جووڵەکانتان دەکات“.
بەپێی زانیارییەکان، قەیس خەزعەلی، سەرۆکی میلیشیای عەسایب ئەهلی حەق، کە بەردەوام باس لەوە دەکات، ئەمریکا و ئیسرائیل لەناو دەبات، لە ترسی کوشتنی لەلایەن ئەمریکییەکانەوە، ژمارەی مۆبایلی خۆی گۆڕیوە.
قەیس خەزعەلی هەر لە ترسی هێزە ئەمریکییەکان، شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە بەغداوە گواستووەتەوە شاری نەجەف و لەخانووێکدا لە نزیک ماڵی ئایەتوڵڵا و مەرجەعەکان، نیشتەجێ بووە.
هەروەها ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتیی میلیشیای نوجەبا، کە بە هەمان شێوەی خەزعەلی بەردەوام باس لە لەناوبردنی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات، لە ترسی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا عێراقی بەجێ هێشتووە و ئێستا لە تارانی پایتەختی ئێرانە.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.
باسنيوز