دادگا سزای 5 ساڵ به‌ندكردن بۆ په‌رله‌مانتارێكی پێشوو ده‌رده‌كات

ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی له عێراق رایگه‌یاند، سزای پێنج ساڵ زیندانیكردن بۆ په‌رله‌مانتارێكی پێشوو ده‌رچووه، كه به گوێره‌ی مادده‌ی 312ی یاسای سزادانی عێراقی بووه.
هه‌رچه‌نده له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی ئاماژه به ناوی په‌رله‌مانتاره‌كه نه‌كراوه، به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌ك به میدیاكانی عێراقی راگه‌یاندووه، كه ئه‌و په‌رله‌مانتاره (شه‌زا مونزیر عه‌بدولڕه‌زاقه)ـه، كه به (شذی العبوسی) ناسراوه.
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، ئاماژه به‌وه ده‌كات "دادگای كه‌تنی كه‌رخی تایبه‌ت به پرسی ده‌ستپاكی، به شێوه‌یه‌كی غیابی سزای پێنج ساڵ زیندانی بۆ په‌رله‌مانتارێك ده‌ركرد، ئه‌وه‌ش دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی تۆمارێكی ده‌نگی دێت له میدیاكان، به گوێره‌ی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت، ئاڵوگۆڕی بازرگانی به كورسی په‌رله‌مان كراوه".
تۆماره ده‌نگییه‌كه، به شێوه‌یه‌كی به‌رفره‌وان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبووه‌ته‌وه، ده‌نگی یه‌كێكیان هی "ویزاح سه‌دید"، سكرتێری گشتیی گردبوونه‌وه‌ی ئه‌لعیززه‌ی نیشتمانییه، ئه‌وی دیكه‌ش په‌رله‌مانتارێكه به‌ناوی "شه‌زا عه‌بوسی".
تێیدا باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه ویزاح ده‌یه‌وێت له رێگه‌ی شه‌زا له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی به‌ریتانی رێكبكه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنی ئایاری 2018، به‌ده‌ستهێنانی كورسییه‌كی په‌رله‌مانى مسۆگه‌ر بكات.
له‌و تۆماره ده‌نگییه‌دا شه‌زا دان به‌وه‌دا ده‌نێت، كه خۆی له ساڵی 2006 په‌نای بردووه‌ته به‌ر هه‌مان كۆمپانیا و توانیویه‌تی پۆستێكی وه‌زاری به‌ده‌ستبهێنێت.
شه‌زا له‌و تۆماره‌دا خۆی وه‌ك نێوه‌ندگیری ئه‌و كۆمپانیا به‌ریتانیه ده‌ناسێنێت و به ویزاح راده‌گه‌یه‌نێت، كه به‌رامبه‌ر 350 هه‌زار دۆلار ده‌توانێت له رێگه‌ی كۆمپانیا به‌ریتانیه‌كه‌وه 5 هه‌زار ده‌نگی زیاتر به‌ده‌ست بهێنێت.
میدیاكانی عێراقیش، له‌گه‌ڵ راپۆرته‌كه‌دا، به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كیان بڵاوكردووه‌ته‌وه، كه تۆمه‌تباركردنی شه‌زا نیشان ده‌دات.
K24