سوننه‌كان له‌ توركیاوه‌ خۆیان كۆده‌كه‌نه‌وه‌

سوننه‌كان له‌ توركیاوه‌ خۆیان كۆده‌كه‌نه‌وه‌
سه‌رچاوه‌یه‌كی سیاسی عێراقی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 1/7/2018 رایگه‌یاند: "به‌ ئامانجی پێكهێنانی كوتله‌یه‌كی سیاسی به‌رچاو، ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی سوننه‌كانی عێراق له‌ توركیا كۆبوونه‌ته‌وه‌".

سه‌رچاوه‌كه‌ به‌ رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌تی چاپی له‌نده‌نی گوتووه‌: "پێش دوو رۆژ، سه‌لیم جبووری سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ توركیا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی سوننه‌ كۆبووه‌ته‌وه‌ و دیارترینیان جه‌مال كه‌ربولی سه‌ركرده‌ی حزبی حه‌ل و ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا جبووری پارێزگاری سه‌ڵاحه‌ددین و خه‌میس خه‌نجه‌ر خاوه‌نی پرۆژه‌ی عه‌ره‌بی و سه‌عد به‌زاز میدیاكار و سیاسی ناسراو و خاوه‌نی كه‌ناڵی شه‌رقییه‌ بوون.

سه‌رچاوه‌ سیاسییه‌كه‌ كه‌ نه‌یویستووه‌ ناوی بهێنرێت گوتوویه‌تی: "هۆكاری كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و سه‌ركردانه‌ی سوننه‌ بۆ رێككه‌وتن بووه‌ له‌سه‌ر پێكهێنانی كوتله‌یه‌كی سوننی كه‌ ژماره‌ی كورسییه‌كانیان زیاتر له‌ 45 كورسیی بێت‌، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركرده سوننه‌كانی دیكه‌ی عێراقیش په‌یوه‌ستبن پێیانه‌وه‌و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ ماوه‌ی دوو رۆژی داهاتوودا له‌ شاری به‌غدا كوتله‌كه‌ رابگه‌یێنن".

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی توركیایان كردووه‌ته‌ شوێنی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه و ئه‌نقه‌ره‌ چ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ریان هه‌یه‌‌؟، ئه‌و سیاسییه‌ عێراقییه‌ گوتوویه‌تی: "ئیستانبوڵ ته‌نها شوێنی گونجاوه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌و رێككه‌وتنی له‌و شێوه‌یه‌ و هیچ دیدارێكی فه‌رمیش له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێكی فه‌رمی و نافه‌رمی ئه‌نجام نه‌دراوه‌".

سیاسییه‌ سوننه‌كه‌ ده‌ڵێت: "رێككه‌وتنه‌كه له‌سه‌ر پێكهێنانی كوتله‌یه‌كی دیاره‌ و به‌هیچ جۆرێك باسی رۆڵ و پۆست و هیچ بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به‌و پرسانه نه‌كراوه‌".







K24
Top