هاوپه‌یمانی نیشتمانی پرِۆژه‌ی دابه‌شكردنی ده‌سه‌لاَته‌كان له‌ نێوان مالیكی و عه‌للاوی ره‌تده‌كاته‌وه‌

هاوپه‌یمانی نیشتمانی پرِۆژه‌ی دابه‌شكردنی ده‌سه‌لاَته‌كان له‌ نێوان مالیكی و عه‌للاوی ره‌تده‌كاته‌وه‌
گولاَن-عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د
له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی نیشتمانی مه‌حه‌مه‌د سه‌عدون سه‌یهود دووپاتیكرده‌وه‌ ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا هه‌موو پرِۆژه‌یه‌ك ره‌تده‌كاته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ دابه‌شكردنی ده‌سه‌لاَته‌كانی حكومه‌تی نوێی عێراق له‌ نێوان كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌و هاوپه‌یمانی نیشتمانی.

سه‌یهود رایگه‌یاند ولاَته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌ جیدی له‌ پشته‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی جێبه‌جێكردنی پرِۆژه‌ی دابه‌شكردنی ده‌سه‌لاَته‌كانه‌ له‌ نێوان هاوپه‌یمانی نیشتمانی و كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌، ئه‌م پرِۆژه‌یه‌یشی به‌ پرِۆژه‌یه‌كی سلبی وه‌سف كرد، به‌و پێیه‌ی كاریگه‌ری نه‌رێنی ده‌بێت به‌ سه‌ر داهاتووی عێراق، له‌ ناویشیاندا عێراق دووباره‌ ده‌گه‌رِێته‌وه‌ قۆناخی تائیفی.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌دا پرِۆژه‌كه‌ به‌ دوو شێوه‌ پێشكه‌ش به‌ هاوپه‌یمانی نیشتمانی كراوه‌، یه‌كه‌میان هه‌ریه‌ك له‌ عه‌للاوی و مالیكی به‌ جیا ماوه‌ی دووساڵ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت بكه‌ن، دووه‌میان لێسه‌ندنه‌وه‌ی ده‌سه‌لاَته‌كان له‌ سه‌رۆك وه‌زیران و پێدانی ده‌سه‌لاَته‌كان به‌ ئه‌نجوومه‌نی سیاسه‌تی ستراتیژی بۆ ئاسایشی نیشتمانی.
Top