ئالا تاڵه‌بانی: چاوه‌رِوانی هه‌ڵوێستی كۆتایی ئه‌نجوومه‌نی بالاَی ئیسلامی و حزبی فه‌زیله‌ین بۆ ده‌نگدان له به‌رژه‌وه‌ندی مالیكی
له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا په‌رله‌مانتار سه‌ر به كوتله‌ی هاوپه‌یمانی كوردستانی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئالا تاڵه‌بانی رایگه‌یاند كوتله‌ی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان چاوه‌رِوانی هه‌ڵوێستی ئه‌نجوومه‌نی بالاَی ئیسلامی و حزبی فه‌زیله‌یه سه‌باره‌ت به به‌شداریكردن و نه‌كردنیان له حكومه‌تی نوێ‌دا به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی نیشتمانی به 132 ده‌نگ دووباره سه‌رۆكی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا نوری مالیكی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران كاندید كرده‌وه.
له به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ئه‌گه‌ر ئه‌نجوومه‌نی بالاَی ئیسلامی و حزبی فه‌زیله ره‌زامه‌ندیان له سه‌ر دووباره كاندید كردنه‌وه‌ی مالیكی دا، ئه‌و كات كوتله‌ی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له په‌رله‌مان ده‌نگ له به‌رژه‌وه‌ندی مالیكی ده‌دات.
ناوبراو جه‌ختی له سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه ده‌نگی هه‌ر یه‌ك له ئه‌نجوومه‌نی بالاَی ئیسلامی و حزبی فه‌زیله بۆ دیاریكردنی هه‌ڵوێستی كوتله‌ی كوردی سه‌باره‌ت به پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق گرنگه.
جێی باسه دوێنێ له كۆبوونه‌وه‌ی خۆیدا هاوپه‌یمانی نیشتمانی به 132 ده‌نگ دووباره نوری مالیكی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران كاندید كرده‌وه‌و هه‌ر یه‌ك له ئه‌نجوومه‌نی بالاَی ئیسلامی و حزبی فه‌زیله به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌یان نه‌كردوو ده‌نگیان له به‌رژه‌وه‌ندی مالیكی نه‌دا.